ڕۆژی شەممە ۱۱ی ڕەزبەری ۱۴۰۵، خزر (شەماڵ) ڕەسوڵمروەت، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی مەهاباد بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم بەندکراوە سیاسییە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «ئەحەد سیامی» سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ۶ی خەزەڵوەری ۱۴۰۴، هێزە ئەمنییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم چالاکوانە کوردە و دەسبەسەریان کرد. ناوبراو دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە ۲۵ی خەزەڵوەری هەمان ساڵدا لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتییەوە بۆ بەندیخانەی مەهاباد گوازرایەوە و دوای نزیکەی سێ مانگ دەسبەسەرکرانی کاتی، بە دانانی بارمتەی سێ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
خزر (شەماڵ) ڕەسوڵمروەت، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشوو بۆ یەکەمجار لە گەلاوێژی ۱۳۷۸دا دەسبەسەر کرا و لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە سزای سێ ساڵ بەندکرانی داسەپاو و پێنج ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو دوای کێشانی دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو بە مەرج لە زیندان ئازاد کرا، بەڵام وێڕای دەرچوونی لە تاقیکردنەوەکانی چوونە زانکۆ، لە درێژەدان بە خوێندن لە ئاستی ماستەر بێبەش کرا.
ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ۸ی ڕەشەمەی ۱۳۹۱دا دوای بەشداری لە کۆبوونەوەیەکدا بۆ پشتیوانیکردن لە خوێندکارانی شیناوێ لە بەردەم ئیدارەی پەروەردەی مەهاباد دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی سێ مانگ لە گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد و ورمێ خرایە بەر لێپرسینەوە.
ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە لە ڕەزبەری ۱۳۹۲دا بەبێ مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو بە تۆمەتی «هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی» لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «جەوادیکیا» سزای ۵ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و حوکمەکە دوای مانگێک لە ۲۷ی سەرماوەزی هەمان ساڵدا لە لقی دەیەمی دادگای پێداچوونەوەی ورمێدا وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.
ناوبراو لە ۱۷ی ڕەشەمەی ۱۳۹۲دا بە هۆکاری ناڕوون بۆ زیندانی ورمێ دوور خرایەوە و لە نەورۆزی ۱۳۹۳دا دووبارە گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانەی مەهاباد. لە درێژەی گوشارەکاندا بۆ سەر ئەم بەندکراوە سیاسییە، ناوبراو لە ۲۱ی خەرمانانی ۱۳۹۵دا بە فەرمانی دادستانی و سەرۆکی بەندیخانەی مەهاباد، لەو بەندیخانەوە بۆ بەندیخانەی میاندواو دوور خرایەوە.





