٦ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٩ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی ئامانج محەممەدپوور، ڕۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی بۆکان، زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ڕۆژنامەنووس و چالاکوانە مەدەنییە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە زیادی کرد: بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم چالاکوانە کوردە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی بێئاکام بووە.

ئێوارەی یەکشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٥، ئامانج محەممەدپوور بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی ناڕوون گواسترایەوە. هەروەها هێزە ئەمنییەکان دوای پشکنینی ماڵەکە، لاپتۆپ و تلفۆنە دەستییەکەیان زەوت کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە ئاراستەکراوەکان دژی ئەم ڕۆژنامەنووسە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکان لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.