ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٥، «میکائیل (شۆڕش) دوودکانلوو میلان» هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «کۆسەکەرێز»ی سەر بە مەهاباد، دوای ١٤٠ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، بە دانانی بارمتەی قورسی ٨ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ ناوبراو لە حەفتەکانی ڕابردوودا دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان لە گرتنگەیەکی نادیارەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گوازراوەتەوە.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ١٤٠٥، «میکائیل (شۆڕش) دوودکانلوو میلان» هاووڵاتیی ٤٠ ساڵە و خێزاندار، بە هێرش بۆ سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی سپاوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە بەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.





