٥ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ دوای تێپەڕبوونی حەفتەیەک لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «فواد قادری»، پەرستاری لاوی خەڵکی جوانڕۆ کە لە سنە کار دەکات، ناوبراو دوای چەند ڕۆژ لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدان لە یەکێک لە گرتنگە نەناسراوەکاندا، بە شکانی چەند پەراسوویەوە ڕەوانەی بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان کراوە و لە مافی هەر جۆرە پێڕاگەیشتنێکی پزیشکی، دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٥، «فواد قادری»، لاوی ٢٧ ساڵانی خەڵکی ئاواییەکی سەر بە جوانڕۆ کە لە سنە وەک پەرستار کاری دەکرد، لە ڕێگای ڕوانسەر-کامێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، بێ پێدانی بڕیاری دادوەر، دەسبەسەر کرا. ناوبراو دوای چەند ڕۆژ ناڕوونیی چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی، لە کاتێکدا لە یەکێک لە گرتنگە نادیارەکاندا کەوتبووە بەر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی سەخت، ڕەوانەی بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە دەڵێت؛ دوای دەسبەسەرکردنی ئەم پەرستارە لاوە، هێزە ئەمنییەکان بێ مۆڵەتی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی «فواد قادری» و وێڕای پشکنینی تەواوی ماڵەکە، کەلوپەلی کەسیی ناوبراو، لەوانە کۆمپیوتەرەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

بەوتەی ئەم سەرچاوەیە، فواد قادری لە ماوەی چەند ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەیدا لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکاندا، بەتوندی ئەشکەنجە دراوە، بەجۆرێک کە تووشی شکانی چەند پەراسووی بووە؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە هەرجۆرە پێڕاگەیشتنێکی پزیشکی بێبەش کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاوڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمباریەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.