٤ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی حەفتەیەک بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «سەردار ڕامین»، لاوی ٣٠ ساڵانی خەڵکی نەغەدە و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە و ناوبراو لە مافی هەرجۆرە دەستڕاگەیشتنێک بە پارێزەر، دیدار و پەیوەندی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ کۆتاییەکانی خەرمانانی ١٤٠٥، بە ئەگەری زۆرەوە ٢٨ی خەرمانان، «سەردار ڕامین»، هاووڵاتیی کوردی ٣٠ ساڵانی خەڵکی ئاوایی «قارنێ»ی سەر بە نەغەدە، لە شاری نەغەدە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بەبێ بەڵگەی یاسایی، دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نەزانراو گوازراوەتەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و تەنانەت لە مافی پەیوەندییەکی کورتی تلفۆنیش لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

«سەردار ڕامین»، هاووڵاتیی ٣٠ ساڵانی خەڵکی ئاوایی «قارنێ»ی سەر بە نەغەدەیە. ناوبراو خێزاندارە و چەند مانگێکە لە شنۆ دانیشتووە.

«سەردار ڕامین» پێشتریش پێشینەی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هەبووە. ئەو لە ١٠ی خەرمانانی ١٤٠٠دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بەبێ بەڵگەی یاسایی، دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نەزانراو گوازرایەوە و لە کۆتاییدا، دوای ٦٩ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ ئازاد کرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەم پەیوەندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.