٤ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لاپەڕەی ئینستاگرامی «فریشتە کەریمی»، کچە کوردی دانیشتووی «مەحموودئاوا (فیرووزکووهـ)»ی تاران کە وەک بلاگر و ماتۆڕسوار چالاکیی دەکرد، بەهۆی «جلوبەرگ و هەڵپەڕکێی کوردی» و دوای چەندین جار بانگکردنی بۆ پۆلیسی فەتای تاران، لە کۆتاییدا هاوکات لەگەڵ ساڵیادی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، بە بڕیاری «دەسەڵاتی دادوەری» داخرا.
لە بایۆی لاپەڕەی ئینستاگرامەکەیدا کە ١٧٩ هەزار شوێنکەوتووی (فۆڵۆوەر) هەبووە، نووسراوە: «ئەم لاپەڕەیە بە بڕیاری دەسەڵاتی دادوەری داخراوە.»
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ «فریشتە کەریمی»، لە هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی «مەحموودئاوا (فیرووزکووهـ)»ی تاران، دوای چەندین جار بانگکردنی بۆ پۆلیسی فەتای تاران، تەنیا بەهۆی «جلوبەرگ و هەڵپەڕین بە جلوبەرگی کوردی» کە پێی ڕاگەیاندرابوو نابێت لە ڤیدیۆکانیدا کەڵکیان لێ وەربگرێت و قەدەغەیە، لە کۆتاییدا ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٥، هاوکات لەگەڵ ساڵیادی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی لەلایەن پۆلیسی فەتای تارانەوە داخرا.
ئەم سەرچاوەیە دەڵێت؛ «فریشتە کەریمی» لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ئاوایی «مەحموودئاوا (فیرووزکووهـ)»ی تاران دادەنیشێ. ئەو لەگەڵ بنەماڵەیدا سەرقاڵی باخداریین و خۆشی خەریکی بلاگری و ماتۆڕسوارییە.
لە هەمان پەیوەندیدا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لاپەڕەی ئینستاگرامی "ستایش سادقزادە" گۆرانیبێژ و ژەنیاری مێرمنداڵ و لە کوردانی کرمانجی خوراسان، بە بڕیاری دەسەڵاتی دادوەری داخراوە. لە بایۆی لاپەڕەی ئینستاگرامەکەیدا کە یەک ملیۆن شوێنکەوتووی (فۆڵۆوەر) هەبووە، نووسراوە؛ «ئەم لاپەڕەیە بە بڕیاری دەسەڵاتی دادوەری بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی تاوانکاری داخراوە.»





