٣ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لاپەڕەی ئینستاگرامی "ستایش سادقزادە" گۆرانیبێژ و ژەنیاری مێرمنداڵ و لە کوردانی کرمانجی خوراسان، بە بڕیاری دەسەڵاتی دادوەری داخراوە. لە بایۆی لاپەڕەی ئینستاگرامەکەیدا کە یەک ملیۆن شوێنکەوتووی (فۆڵۆوەر) هەبووە، نووسراوە؛ «ئەم لاپەڕەیە بە بڕیاری دەسەڵاتی دادوەری بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی تاوانکاری داخراوە.»

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ «ستایش سادقزادە»ی ١٣ ساڵان، لە بنەڕەتدا لەدایکبووی «شێروان»ی سەر بە خوراسانی باکوور و لە کوردانی کرمانجی شێروان و دانیشتووی شێروان و کەرەجە. ئەو لە منداڵیدا باوکی کە کەسێکی هۆگر و شەیدای هونەر و مۆسیقا بوو، لەدەست داوە. ستایش گۆرانیبێژ و ژەنیاری دووتارە و بە زمانە جیاوازەکانی ناو جوگرافیای ئێران گۆرانی دەڵێتەوە. هەروەها لە ژەنینی دووتاری باشووری خۆراساندا بەهرەیەکی بەرزی هەیە و لە دووبارەخوێندنەوەی ئاواز و گۆرانییە فۆلکلۆرییە کۆنەکانی کوردیی کرمانجیی خوراسان و فارسی چالاکیی زۆری هەبووە و لە زۆر کۆڕ و چالاکیی هونەریدا بەشداری کردووە.

لاپەڕەی ئینستاگرامی "ستایش سادقزادە" و ئاوازە مۆسیقاییە کرمانجییە خوراسانییەکانی، بە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پێشوازییەکی بەربڵاویان لێکراوە.