٢ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٥، ڤیدیۆیەکی دانپێدانانی زۆرەملێی دوو لاوی خەڵکی ئاسمان ئاوای ئیلام بە ناوەکانی «یاسر هەواسیزادە» و «یوونس بەکری» لە دەنگوڕەنگی پارێزگای ئیلامی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاو کرایەوە؛ ئەمە لەکاتێکدایە کە زیاتر لە مانگێکە بەبێ تەنانەت یەک پەیوەندی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان و بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، لە شوێنێکی نادیاردا ڕاگیراون و نیگەرانیی جیددی لەسەر چارەنووسیان هەیە. سەرچاوەکانی نزیک لەم دوو لاوە، ئەم دانپێدانانە بە ئەنجامی ئەشکەنجە دەزانن و دیمەنەکانی ڤیدیۆکەش بە دروستکراو و سێناریۆسازیی ئەمنییەتی لە دژی ئەم کەسانە ناودێر دەکەن و لەسەر چارەنووسیان و ئەگەری دەرچوونی سزای قورس، نیگەرانیی جیددیی خۆیان دەردەبڕن.
ئەم دانپێدانانە زۆرەملێیە لەژێر ناوی «بەڵگەفیلمێک» لەلایەن ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پارێزگای ئیلامەوە ئامادە کراوە کە تێیدا ئیدیعا دەکرێت ئەم کەسانە لە «هۆکارەکانی دەست تێدابوون لە کردەوە توندوتیژەکان و تێکدانی ئاسایشی گشتی» بوون. دوای دیمەنە دروستکراوەکانی دەسبەسەرکردن و نیشاندانی وێنەی لێڵی ڤیدیۆیی لە شەقامەکاندا لە کەسانی نەناسراو، بەبێ ئاماژەدان بە ڕێکەوت و شوێن، لە کۆتایی ئەم ڤیدیۆیەدا دوو کەس بە دەموچاوی شارراوەوە ناچار بە دانپێدانان دەکرێن و دەڵێن «پەیوەندییان لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکاندا هەبووە» و «لە ساڵی ١٤٠١دا بەهۆی دانانی ستۆری، بانگەواز بۆ خۆپیشاندان و سووکایەتیکردن بە کۆماری ئیسلامی» و هەروەها «بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی ساڵی ١٤٠٤دا» دەسبەسەر کراون.
سەرچاوە ئاگادارەکانی کوردپا و نزیک لەم کەسانە، ناسنامەی دوو کەس لە دەسبەسەرکراوەکان کە دانپێدانانی زۆرەملێیان لێ وەرگیراوە، بە «یاسر هەواسیزادە» بە جلی ڕەش و «یوونس بەکری» بە جلی خاکی ناودێر دەکەن و دەڵێن هیچکام لەم کەسانە لە ماڵەوە دەسبەسەر نەکراون. بە وتەی ئەم سەرچاوانە، ئەو کەسەی لە سەرەتای ڤیدیۆی دانپێدانانە زۆرەملێیەکەدا لە ڕێگا و لەناو ماشینەکەیدا دەسبەسەر دەکرێت، هیچکام لەم دوو کەسە نین و ئەم دیمەنە نە تەنیا دووبارە ڕێکخراوەتەوە، بەڵکوو تەنانەت لە هیچکام لەو کەسانەش ناچێت کە لە مەودای کاتیی پەیوەندیدار بە دەسبەسەرکردنی «یوونس بەکری» و «یاسر هەواسیزادە» دەسبەسەر کراون. «ڕۆحوڵڵا غوڵامی»یش هاوڕێ لەگەڵ «یوونس بەکری و یاسر هەواسیزادە» لە ٢ی خەرمانانی ١٤٠٥دا دەسبەسەر کراوە.
هەروەها، لەم ڤیدیۆی دانپێدانانە زۆرەملێیەدا لە دیمەنەکانی دەسبەسەرکردنی «ئەمین ناسری»، گۆرانیبێژی کوردی خەڵکی ئاسمان ئاوا، لە یەکی خەرمانانی ١٤٠٥دا کەڵک وەرگیراوە. لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەودا، خەڵک لە ناڕەزایەتی بە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی ئەم گۆرانیبێژە کوردە لە شوێنێکی گشتیدا کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی و هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵک تەقەی ئاسمانییان کرد و هەروەها لە کاتی دەسبەسەرکردندا تەقەیان لە قاچی ئەم گۆرانیبێژە کوردە کرد. سەرچاوەکانی کوردپا تەنیا ئەو وێنانەی پەیوەندیدار بە ئامادەبوون و ناڕەزایەتیی خەڵک لەم شوێنە گشتییەدا بە ڕاستیی و جێی پشتڕاستکردنەوە دەزانن و وێنەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە دەستبەسەرکردنەکە بە ڕێکخراو و دروستکراو ئەژمار دەکەن.
لەم ڤیدیۆی دانپێدانانە زۆرەملێیەدا ئیدیعا دەکرێت کە دەسبەسەرکردنی ئەم کەسانە بە «هاواهەنگی لەگەڵ سەرچاوە دادوەرییەکان» ئەنجام دراوە؛ لەکاتێکدا بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی کوردپا، هەر چوار کەسەکە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون و بە تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەیاندا، نە تەنیا هیچکەس لە شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسیان زانیارییەکی نییە، بەڵکوو تەنانەت لە مافی پەیوەندییەکی کورت لەگەڵ بنەماڵەکانیشیان بێبەش کراون و دەستڕاگەیشتنیان بە پارێزەر و دیدار لەگەڵ بنەماڵەکانیان نییە.
سەرچاوەکانی نزیک لەم کەسانە وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی جیددی لەسەر چارەنووسیان و مەترسیی دەرچوونی سزای قورس، جەخت دەکەنەوە کە دانپێدانانە زۆرەملێیەکانیان لەژێر ئەشکەنجەدا وەرگیراوە و ڕوون نییە لە ماوەی دەسبەسەرکردندا چییان بەسەر هاتووە. لەلایەکی دیکەوە، ئەم سەرچاوانە دەڵێن هەر چوار کەسەکە لە کەسایەتییە خۆشەویست و ناسراوەکانی ناو خەڵکی ئاسمان ئاوا بوون. «ئەمین ناسری» لەناو خەڵکی ئاسمان ئاوادا گۆرانیبێژێکی خۆشەویست بووە و «یوونس بەکری»، «یاسر هەواسیزادە» و «ڕۆحوڵڵا غوڵامی»یش لە چالاکانی فەرهەنگی بوون کە لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ بەڕێوەبردنی نەورۆزەکان لە ئیلام، بەتایبەت ناوچەی ئاسمان ئاوا، تێکۆشانی زۆریان کردووە و لەو کاتەوە تا ئێستا دامودەزگا ئەمنییەکان هەستیار بوونەتەوە تا سێناریۆسازییان بۆ بکەن. هەروەها، ئەم سەرچاوەیە سەبارەت بە «یوونس بەکری» دەڵێت کە ئەو ئاژەڵدارە و ساڵانێک بۆ پاراستنی درەختەکانی بەڕوو هەوڵی داوە و بەشێوەی خۆبەخش بۆ بەرەنگاربوونەوەی مێمڵی ئەم درەختانە چالاکی کردووە.
لە ڤیدیۆی دانپێدانانە زۆرەملێیەکەدا هەروەها وێنەی «دەسبەسەرداگرتنی چەکی سارد و گەرم» نیشان دەدرێت و ئیدیعا کراوە کە ئەم چەکانە پەیوەندیدار بەم کەسانەن. سەرچاوەکانی کوردپا ئەم ئیدیعایانە بە دروستکراو و بێبنەما دەزانن و جەخت دەکەنەوە کە ئەم ڤیدیۆی دانپێدانانە زۆرەملێیە سەبارەت بە هاووڵاتییانی خۆشەویستی ئاسمان ئاوا، بە ئامانجی سەرکوت و ترساندنی گشتی لەم شارە و ئیلامدا، ئامادە و بڵاو کراوەتەوە.
لەم ڤیدیۆی دانپێدانانە زۆرەملێیەدا، یەکێک لە دەسبەسەرکراوەکان کە ناچار بە دانپێدانان کراوە، ناوی کەسانی وەک «سیروس ڕەبیعبەیگی»یش دەبات. «سیروس ڕەبیعبەیگی»، دانیشتووی ئاڵمان کە هەوڵی زۆر بۆ بڵاوکردنەوەی دەنگی دەسبەسەرکراوانی ئیلام دەدات، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کوردپا دەڵێت: «من خەڵکی ئاسمان ئاوام و لەگەڵ زۆربەی ئەم دەسبەسەرکراوانە پەیوەندیی خزمایەتیم هەیە، چونکە ئێمە لە یەک تایفەین و تەنیا خەڵکی یەک شوێن بوون و هەبوونی پەیوەندیی خزمایەتی، تۆمەتێکی پێکەنیناوییە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ سێناریۆسازی.» ئەو ئیدیعاکانی ڕێکخراوی ئەمنییەتیی ئیتلاعاتی سپا ڕەت دەکاتەوە.
٢ی خەرمانانی ١٤٠٥، سێ لاوی کوردی خەڵکی «ئاسمان ئاوا»ی سەر بە شاری چەرداوڵ لە پارێزگای ئیلام، بە ناوەکانی «یوونس بەکری»، «یاسر هەواسیزادە» و «ڕۆحوڵڵا غوڵامی»، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە. هەروەها، «ئەمین ناسری»، گۆرانیبێژی خەڵکی ئاسمان ئاوا، یەکی خەرمانانی ١٤٠٥ بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان لە شوێنێکی گشتیدا بریندار و دەسبەسەر کرا.
ئەم چوار هاووڵاتییە لە مافی هەرجۆرە دەستڕاگەیشتنێک بە پارێزەر، پەیوەندی و دیدار لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون و هیچکەس لە شوێن و بارودۆخی ڕاگرتنیان زانیارییەکی نییە. سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان، هیچکام لە دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان لەم پەیوەندییەدا وڵامدەر نەبوون.





