یەکی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ «کیانووش چراغی»، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی دێهلوڕان کە پێشینەی دەسبەسەرکران و مەحکوومکرانی بە بەندکرانی زۆری هەیە و لە دوایین دۆسییەی خۆیدا بە ١٣ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران مەحکووم کرابوو، لە مانگەکانی رابردوودا بۆ درێژەدان بە سزاکەی بۆ بەندیخانەی کرمان دوور خراوەتەوە. ئێستا لە کاتێکدا کە ماوەی سزاکەی کۆتایی پێهاتووە و دەبوو ئازاد بکرێت، پێی ڕاگەیەندراوە کە بە ٥ ساڵ بەندکرانی دیکە مەحکووم کراوە و ئەو لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بەم بڕیارە، چەندین مانگ بەندکرانی بێ مورەخەسی و بارودۆخی سەختی بەندیخانە، لە چوار ڕۆژی ڕابردووەوە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ «کیانووش چراغی» کە لە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٤ بۆ درێژەدان بە سزاکەی بۆ بەندیخانەی کرمان دوورخراوەتەوە، لە کاتێکدا لە دوایین دۆسییەی خۆیدا بە ١٣ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران مەحکووم کرابوو، دوای کۆتاییهاتنی ئەم ماوەیە پێی ڕاگەیەندراوە کە بە ٥ ساڵ بەندکرانی دیکە مەحکووم کراوە. ناوبراو لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بەم سزایانە و ئەوەی کە ١٣ مانگی ڕابردووی بێ تەنانەت یەک ڕۆژ مورەخەسی لە بەندیخانەدا ماوەتەوە و لە بارودۆخی سەخت و نامرۆڤانەدا ڕاگیراوە، لە ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٥ـەوە دەستی داوەتە مانگرتنی وشک لە خواردن.
ئەم سەرچاوەیە دەڵێت؛ کیانووش چراغی لە سەرەتادا پارێزەری هەڵبژێردراوی (تعیینی) هەبوو، بەڵام لە مانگەکانی دواییدا پارێزەری دۆسییەکەی بۆ پارێزەری دیاریکراوی حکوومەتی گۆڕدراوە و بەم هۆیەوە ڕوون نییە بڕیاری ٥ ساڵ بەندکرانی دیکە لەسەر چ بنەمایەک دەرچووە. بەم حاڵەشەوە، بە شێوەی زارەکی پێیان ڕاگەیاندووە کە دوایین دۆسییەی هێشتا کراوەیە و سزای دیکەی خراوەتە سەر و سزای ٥ ساڵ بەندکرانی داسەپاویش بۆ ناوبراو دەرچووە.
کوردپا زانیارییەکانی پەیوەندیدار بەم سزا نوێیە لە داهاتوودا بڵاو دەکاتەوە.
ئەم سزا و گوشارانە لەکاتێکدا بەردەوامن کە کیانووش چراغی منداڵێکی کەمئەندامی هەیە و بنەماڵەکەی بێ سەرپەرست ماونەتەوە.
ڕۆژی سێشەممە ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤، کیانووش چراغی، هاووڵاتیی خەڵکی دێهلوڕان و لە بەندکراوانی سیاسیی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، سەرلەنوێ بێ پێشکەشکردنی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ئیلام گواسترایەوە. دەسبەسەرکردنی ئەم هاوڵاتییە کوردە، تەنیا مانگێک دوای ئازادبوونی لە بەندیخانەی ماهپارهی ئیلام بە گۆڕینی سزای بەندکرانی هەڵپەسێردراو ئەنجام دراوە.
کیانووش چراغی لە ڕۆژی ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤وە هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و گواستنەوەی بۆ گرتنگەی ئیلام، لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە دەرکردنی بڕیاری یەک مانگ دەسبەسەرکردنی کاتی و ڕاگرتنی بەشێوەی ناڕوون و خستنەڕووی تۆمەتی بێبنەما لە دژی، دەستی داوەتە مانگرتنی وشک لە خواردن و ڕۆژی هەینی ٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤ هەواڵ گەیشت کە ناوبراو لە ئێمکانات بۆ بارودۆخی مرۆڤانە بێبەش کراوە و کیانووش چراغی لە ژوورێکی دابڕگەدا هاوڕێ لەگەڵ ١٥ کەسی تۆمەتبار بە «کوشتن» لە دەسبەسەر کراوە و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.
٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٤؛ کیانووش چراغی، لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٤دا بەپێی کەیفەرنامەی دەرچوو لە دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری دێهلوڕان، بە تۆمەتی «بڵاوکردنەوەی درۆ دژی بەرپرسانی فەرمی لە ڕێگەی فەزای مەجازییەوە» (لە پەڕەی ئینستاگرامەکەیدا) بە ١٣ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو بە ئەژمارکردنی ڕۆژانی دەسبەسەرکرانی پێشوو و هەروەها بە تۆمەتی «سووکایەتی بە مەئمووری ئینتزامی لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکدا» بە ٤٠ قامچی داسەپاو مەحکووم کرابوو. بڕیار وابوو سزای قامچییەکەی لە شوێنی جێبەجێکردنی سزا کەیفەرییەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شارسی دێهلوڕاندا جێبەجێ بکرێت.
کیانووش چراغی پێشتر لە ڕەزبەری ١٤٠٢دا، بە تۆمەتی «چالاکیی پڕوپاگەندەیی دژی ڕێژیم» بە ساڵێک بەندکرانی داسەپاو و لە خەزەڵوەری هەمان ساڵدا، بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی درۆ لە فەزای مەجازیدا" بە دوو ساڵ بەندکرانی دیکە و نووسینی ٢٠٠ پەڕە توێژینەوە وەک سزای تەواوکەر مەحکووم کرابوو. ناوبراو لە بانەمەڕی ١٤٠٣دا بە بڕیاری دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەکان بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرابوو.
ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی کوردپا لە پەیوەندی لەگەڵ کیانووش چراغی؛
_ گۆڕینی سزای کیانووش چراغی بۆ هەڵپەسێردراو و ئازادبوون، دوای ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە بارودۆخی نادادپەروەری و بەندیخانە، دوای سەردانی دەستەی دادستانی تاران
_ دەستپێکردنەوەی مانگرتن لە خواردنی کیانووش چراغی دوای گواستنەوەی بۆ زیندانی دەڕەشار و وڵامندرانەوەی داواکارییە یاساییەکانی
دۆسییەسازی و مەحکومکردنی ئەکرەم سەبزی، هاوسەری کیانووش چراغی بە پێبژاردنی نەختی و سزای هەڵپەسێردراو؛
لە ڕۆژی ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤دا، ئەکرەم سەبزی، هاوسەری کیانووش چراغی، کە پێشتر بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" بە ٣ مانگ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کرابوو (و ئەم سزایە لە داھاتوودا گۆڕدرا بۆ ٨ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تۆمان سزای نەختی و دواتر بەندکرانی هەڵپەسێردراو)، ئاگادارییەکی فەرمیی پێگەیشت. لەم ئاگادارییەدا جەخت کرابووەوە کە لە ئەگەری دوپاتکردنەوەی تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم، سزای هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی نەختیی پێشوو جێبەجێ دەکرێت. هەروەها لە هەمان ئاگادارییەدا، تۆمەتگەلێک دژی خستراوەتەڕوو؛ لەوانە، «سووکایەتی بە مەئموورانی دەوڵەت لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکدا» و «یارمەتیدان بۆ هەڵاتنی تۆمەتبار» لە ڕەوتی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی ئەم بنەماڵەیە. لە داھاتوودا، ناوبراو بە دانی دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن سزای نەختی مەحکووم کراوە و لە ئاگادارییەکەدا هاتبوو کە دەبێت ئەم بڕە پارەەیە لە ماوەی پێنج ڕۆژدا بدرێت.




