ڕۆژی سێشەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٥، «نازەنین حوسێنپوور»، ژنە لاوی ٣٤ ساڵانی کوردی خەڵکی پیرانشار و دایکی دوو منداڵی ساوا و هاوسەری تووشبوویەکی شێرپەنجە، دوای ٣٧ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد و ٥٠٠ ملیۆن تمەنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هاوڵاتییە کوردە دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترابووەوە.
شایانی باسە « نازەنین حوسێنپوور» ٣٤ ساڵەیە و ئاستی خوێندنی سەرەتایی هەیە. لە زۆر حاڵەتدا، دامەزراوە ئەمنییەکان لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکاندا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و ناچارکردنیان بە ئیمزاکردنی پەڕەکانی لێکۆڵینەوە ئاستی نزمی خوێندەواریی دەستبەسەرکراوان دەقۆزنەوە و دەیانخەنە ژێر گوشارەوە.
«نازەنین حوسێنپوور» خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵی ساوا، کوڕێک و کچێکە. هاوسەرەکەی چەندین ساڵە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەیە و تومۆرێکی لە سەردا هەیە کە بووەتە هۆی لەکارکەوتنی بەشێک لە جەستەی. هەروەها باوک و دایکی هاوسەری نازەنین کە بەساڵاچوون، لە بارودۆخی جەستەیی گونجاو بەهرەمەند نین؛ خەزووری تووشی نەخۆشیی شەکرەیە و خەسووشی بەهۆی بڕانی پەتکی بڕبڕەی پشتەوە پەککەوتەیە. نازەنین سەرپەرستی و چاودێریی هەر سێ کەسیان دەکات و هاوکات بەرپرسایەتیی چاودێریکردنی منداڵە ساواکانیشی لەسەر شانە.
شایانی باسە بنەماڵە و باوک و دایکی «نازەنین حوسێنپوور» لە چالاکانی سیاسیی دەرەوەی ئێرانن و ئەو تەنیا ئەندامی بنەماڵەکەیە کە لە ئێراندا دەژێت.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥، «نازەنین حوسێنپوور»، کچی سلێمان میرزا و خەڵکی گوندی "شیناوێ"ی پیرانشار، دوای بانگکردنی بۆ ئیتلاعاتی ئەم شارە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی ناڕوون گواسترایەوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاوڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هەروەها ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.





