ڕۆژی چوارشەممە یەکی ڕەزبەری ١٤٠٥، هاوڵاتییەک بە ناوی «شاهین مستەفازادە»ی ٣٧ ساڵان و خەڵکی مەهاباد بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەکان بێ پێشکەشکردنی بڕیاری دادوەری ئەم هاوڵاتییەیان دەسبەسەر کردووە و دوابەدوای ئەوە هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەکەی و دەستیان داوەتە پشکنینی.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاوڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەم پەیوەندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. شاهین مستەفازادە هەروەها لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.





