ئەمڕۆ یەکشەممە ۲۲ی خەرمانانی ۱۴۰۵، «سیامەک موفیدی» و «سرووش عێنایەتی»، دوو مێرمنداڵی کوردی دەسبەسەرکراو، دوای ۹ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و دوای پێکهێنانی دۆسییەی ئەمنی بۆیان، لەلایەن دامەزراوەی ئەمنیی ئیدارەی ئیتلاعاتی تارانەوە، هەرکامەیان بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی، بەشێوەی کاتی لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی منداڵان لە تاران ئازاد کران. ئەوان لە ماوەی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەیاندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون.

۱۸ی خەرمانانی ۱۴۰۵، «سیامەک موفیدی» و «سرووش عێنایەتی»، دوای ۵ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، تۆمەتی وەک «هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی»، «پڕوپاگەندە دژی نیزام» و «تێکدانی نەزمی گشتی»یان درایە پاڵ. دۆسییەسازیی ئەمنی دژی ئەم دوو مێرمنداڵە پێش دەسبەسەرکرانیان ئەنجام درابوو و بۆ ئازادیی کاتیی هەرکامەیان، بارمتەی قورسی ۷ میلیارد تمەنی داوا کرابوو. ئەم دوو مێرمنداڵە ئەوکات لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی منداڵان لە تاران ڕاگیرابوون.

ئێوارەی شەممە ۱۴ی خەرمانان ۱۴۰۵، «سیامەک موفیدی»ی ۱۷ ساڵان و «سرووش عێنایەتی»ی ۱۶ ساڵان، بە هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرانەوە. دواتر ئەم دوو مێرمنداڵە لەژێر ڕێکارە قورسە ئەمنییەکاندا، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە بۆ شوێنێکی نادیار لە تاران گوێزرانەوە. لە درێژەدا دەرکەوت کە ئەوان لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی منداڵان لە «زیباشار»ی تاران ڕاگیراون.

ئەم دوو مێرمنداڵە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا لە کافەیەک لە تاران خەریکی کار کردن بوون. 

ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی پارێزگای تاران کە لەژێر چاودێریی ڕێکخراوی بەندیخانەکاندا بۆ ڕاگرتنی منداڵان و مێرمنداڵانی ژێر ۱۸ ساڵ چالاکی دەکات، لە گەڕەکی شەهری زیبا، لە ناوچەی ۵ی تاران هەڵکەوتووە.