٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤١ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «بەهمەن مودیرزادە»، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کۆتۆل و ئەندامی شۆرای شاری ئەو شارە کە لە پێوەندی لەگەڵ دژایەتیکردن لەگەڵ لەسێدارەدان ستۆرییەکی لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی بڵاو کردبووەوە، ناوبراو دوای دەسبەسەرکردن و لێکۆڵینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان، بۆ بەندیخانەی خۆی گوازراوەتەوە و لە دۆخێکی نادیاردا بەسەر دەبات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ناوبراو دوای دەسبەسەرکرانی، بەهمەن مودیرزادە دوای لێکۆڵینەوە لە گرتنگە ئەمنییەتییەکاندا، بە بێ مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بە شێوەی ناڕوون لە بەندیخانەی خۆی ڕاگەیەندراوە. ناوبراو دوای گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی خۆی لە مافی پەیوەندیی تلفۆنی سوودمەند بووە.
«بەهمەن مودیرزادە»، هاووڵاتیی تەمەن ٣٩ ساڵانی خەڵکی کۆتۆل سەر بە ورمێ و ئەندامی شۆرای ئەو شارە، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سپای شاری خۆی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
ئەم سەرچاوەیە، دەسبەسەرکرانی ناوبراوی پەیوەندیدار بە بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک لە ئینستاگرام لە دژایەتیکردنی لەسێدارەدان زانیوە. سەرەڕای ئەمەش، هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هێزە ئەمنییەکان سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی هیچ هۆکارێکی ڕوونیان ڕانەگەیاندووە و ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەیدا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

-1-1280x720-640x360.png)


