۲۲ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ۳ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «ئارژین جوندی»، مێرمنداڵی ۱۶ ساڵانی خەڵکی پیرانشار، زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە و ناوبراو لە مافی هەموو جۆرە دەستڕاگەیشتنێک بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ ڕۆژی هەینی ۲۰ی خەرمانانی ۱۴۰۵، «ئارژین جوندی» بە هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی، بێ پێشاندانی بڕیاری دادگا دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی ناڕوون گوێزرایەوە. ئارژین ۱۶ ساڵان، کوڕی سەلاح و خەڵکی ئاوایی «کۆپەڕ»ی سەر بە پیرانشارە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم مێرمنداڵە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەم پەیوەندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.