۲۶ی گەلاوێژی ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «هادی خزری»، لاوی خەڵکی شنۆ، و گواستنەوەی بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە. ئەم هاووڵاتییە کوردە لەم ماوەی دەسبەسەرکردنەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دیدار و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئێوارەی شەممە ۲۴ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، «هادی خزری»، تەمەن ۲۷ ساڵان و خەڵکی گوندی «هێیە»ی سەر بە شنۆ، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە یەکێک لە شەقامەکانی شنۆ، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردن و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، تەنیا ڕوون بووەتەوە کە گوازراوەتەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ، بەڵام هێشتا سەبارەت بە چارەنووس و دۆخی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەم پەیوەندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها هادی خزری لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دیدار و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.
هەر لەم پێوەندییەدا، دوا‌نیوەڕۆی شەممە ۲۴ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، «مەسعوود ئالانی کۆنەقەڵا»، گۆرانیبێژی خەڵکی گوندی «سینگان» و دانیشتووی شنۆ، لە یەکێک لە کافەکانی شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. دوای ئەوە، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و بەبێ بەڵگەی یاسایی، مۆبایلی هاوسەر و کچەکەیان زەوت کردووە.