ئاژانسی كوردپا: هونەرمەندانی كورد لەشاری پاوە بە مەبەستی مەحكووم كردنی جنایەتەكانی گرووپی "دەوڵەتی ئیسلامی" دوو كلیپیان بەرهەم هێناوە و بەم نزیكانە بڵاوی دەكەنەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، دوو كلیپ بەناوەكانی "نیشتمان" و " وڵاتی من" بە گۆرانبێژی هاوبەشی هونەرمەندان فەرهاد سەلیمی، شاهۆ حوسێنی، موختار غەفووری و شەعیب خالدی زاد بەم نزیكانە بڵاو دەكرێنەوە.
شێعری ئەو دوو كلیپە لەلایەن پەیمان حەسەن زادە هونەرمەندی پاوەییەوە نووسراوە و دانانی موسیقاكەی لە ئەستۆی وەحید كرمانشانی بووە.

ئەو هونەرمەندانە ئامانج لەدروستكردنی ئەو دوو كلیپەیان گەڕاندۆتەوە بۆ مەحكووم كردنی جنایەتەكانی گرووپی داعش و ئەو بەرهەمە هونەرییەیان پێشكەش بە سەرجەم ئەو شەهیدانە كردووە كە لەشەڕی دژی داعشدا گیانی خۆیان لەدەست داوە.
پێشتریش لەكاتی ئاوارە بوونی هاووڵاتیانی كۆبانی و شنگاڵدا، هاووڵاتیانی كورد لە زۆربەی شارەكانی كوردستانی ئێران كەمپەینی كۆكردنەوەی یارمەتیان بۆ لێقەوماوان وەرێخست.
لەلایەكی دیكەوە لە كوردستان هاووڵاتیان بەمەبەستی مەحكووم كردنی هێرشەكانی داعش و پشتیوانی كردن لە كۆبانی خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و لەو خۆپیشاندانانەدا ژمارەیەك لە چالاكانی كورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كران.





