ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ١ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە کوژرانی ژنێک بە دەستی میێردەکەی لەشاری خۆی و ٤ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لە دەستبەسەر کردنی ژنێکی بەهایی لە وەرامین و دەستبەسەرکرانی سێ چالاکی بواری مافەکانی ژنان لەتاران و لەسێدارەدانی دوو ژن لەزیندانی قزڵحیساری کەرەج، لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.

حەفتەی سێیەمی مانگی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی

کوردستـــــــــــان

خۆی/ ژنێکی گەنج بەدەستی مێردەکەی کوژرا

ژنێکی گەنجی دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی شاری خۆی بە دەستی هاوسەرەکەی کوژرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی یەکشەممە ١٧ی رەشەمە، ژنێکی گەنج بەناوی " شیلان شاه وەیسی" لەلایەن میردەکەیەوە و بەبیاننووی " پاراستنی نامووس" بەشێوەێەکی دڕندانە گیانی لێ ئەستێندرا.

ئەو ژنە گەنجە کە دانیشتووی گوندی " قاشقا بڵاغ"ی شاری خۆی بووە، ماوەیەک پێش بە هۆی هەڵسوکەوتی نەشیاوی مێردەکەیەوە گەڕابووە ماڵی باوکی و دوو رۆژ پێش لە رووداوەکە گەڕابوویەوە ماڵی خۆی.

بە پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ٩ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ١٩ ژن و کچی کورد لە کوردستانی ئیران بەدەستی خزم و کەس و کاریان کوژراون.

ئەم ئامارە لەکاتێکدایە کە بە پشت بەستن بە ئاماری ناوەندی ئاماری کوردپا، لەساڵی ٩٢ تەنیا ١٤ ژن و کچی کورد بەدەستی خزم و کەس و کاریان کوژراون.

ئێــــــــــــــران

ژنێکی بەهایی لە وەرامین دەستبەسەر کرا

لالە مەهدی نەژاد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا

لەدرێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیانی بەهایی لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، ژنێکی دیکەی پێڕەوی ئەو ئایینە لەشاری وەرامین دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی یەکشەممە ١٧ی رەشەمە، هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر خانووی هاوڵاتییەکی بەهایی بەناوی لالە مەهدی نەژاد و ناوبراویان دەستبەسەر و بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین گواستوەتەوە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان لەکاتی دەستبەسەر کردنی لالە مەهدی نەژاد خانووەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر کەرەستە تاکەکەسی و تایبەتییەکانی ناوبراودا گرتووە.

ئەو هاوڵاتییە بەهاییە هاوڕێ لەگەڵ جەند هاوڵاتی دیکە دەستبەسەر کراوە کە ئەوان هەمان رۆژ و دوای لێپرسینەوەیەکی کورت و بەبێ دانانی بارمتە ئازاد کراون.

دەستبەسەرکرانی سێ چالاکی مافی ژنان لەتاران

لەدرێژەی گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و داکۆکیکارانی مافی ژنان، سێ چالاکی مافی ژنان لەشاری تاران دەستبەسەر کران.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی یەکشەممە ١٧ی رەشەمە، هێزە ئەمنییەکانی شاری تاران عاتیفە نەوید و دوو پیاوی دیکەیان کە داکۆکیکاری مافەکانی ژنان بوون دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسیەوە.

ئەو سێ کەسە دوابەدوای کۆبوونەوەی گرووپێک لە چالاکانی مەدەنی هاوڕێ لەگەڵ نەسرین ستوودە لە بەرانبەر ناوەندی پارێزەرانی دادگوستەری تاران دەستبەسەر کراون.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە دوابەدوای دەستبەسەر کردنی عاتیفە نەوید هیزە ئەمنیەتییەکان چوونەتە ماڵی ناوبراو دوای پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بەسەر کەرەستە تاکەکەسی و تایبەتییەکانی ناوبراودا گرتووە.

هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەو سێ چالاکەی بواری مافی ژنان و و شوێنی راگیرانیان هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەبەر دەستدا نییە.

دوو ژن لە قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە دران

شەپۆلی لەسێدارەکان لەئێراندا درێژەی هەیە و لە بەرەبەرەی ٨ی مارس، ٢ ژنی دیکە لەزیندانەکانی ئێران لەسێدارە دران.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، شەممە، رێکەوتی ١٦ رەشەمە، ١٢ زیندانی لە زیندانی قزلحیساری کەرەج لەسێدارە دران کە دوو کەسیان ژن بوون.

شووناسی یەکێک لەو ژنانە "مەهنووش غەواسی" کە تەمەنی نزیک ٥٠ ساڵ بووە راگەیەندراوە و شوناسی ژنی دیکە کە هەردوویان لە زیندانی قەرچەکی وەرامینەوە بۆ زیندانی قزڵحیسار گوازراونەتەوە، هەتا ئیستا نەزانراوە.

ئەو دوو ژنە بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکانەوە لەلایەن ناوەندە قەزاییەکانی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

ئامادە کردن : شاهۆ

سەرچاوەکان:

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا(٢حاڵەت)
ماڵپەڕی "چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لەئێران"( ٢حاڵەت)
ماڵپەڕی " کۆمیتەی هەواڵنێرانی مافی مرۆڤ" ( ١ حاڵەت)