ئاژانسی کوردپا: نووسەرێکی کوردی خەڵکی شارستانی روانسەر بەرهەمێکی شێعریی دیکەی بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو کردەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کتێبی "بزەی لێوت پڕ بوو لە چوون" بەرهەمی شێعریی ئەسعەد زۆهرابی هونەرمەندی لاوی خەڵكی روانسەر لەلایەن دەزگای چاپی "کانی"یەوە لەچاپ درا و گەیشتە دەستی ئۆگرانی شێعر و ئەدەبی کوردی.
بەشێک لە بەرهەمە شێعرییەکانی ئەو شاعیرە باس لە خۆشەویستیی خاک و نیشتمان دەکات و تەشەر لەو کەسانە ئەدات کە وەفایان بۆ خاکی وڵاتیان نییە و "خۆیان و خاکیان بە بێگانە فرۆشتووە".

ئەو شاعیرە، پێشتریش بەرهەمێکی چیرۆکە شێعری لەژێر ناوی "بەرخۆلە ئەستێرە و دایە لەولاو" كە كتێبێكی ئەدەبی تایبەت بە منداڵانە، چاپ و بڵاو کردەوە.
ئافرێنەری بەرهەمی "بەرخۆلە ئەستێرە و دایە لەولا"، کە باس لە هەژاری و دەستکورتی دەکات، ئامانجی لە بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبانە بۆ خزمەتی زمان و ئەدەبی كوردی و دەوڵەمەند کردنی كتێبخانەی كوردی گەڕاندۆتەوە.





