بەرموور: حەفتەی چوارەمی مانگی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: لە راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرمووردا، ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان، کە دەستبەسەر کردنی ژنێک و خۆکوژیی کچێکی گەنج لەشاری بۆکان و ١ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان، کە خستنە پاڵی تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام بۆ رۆژنامەنووسی ئێرانی سەبا ئازەر پەیک لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت، دەخرێتە روو.

کوردستـــــــــــان

خۆکوژی کچێکی دیکە لەشاری بۆکان

لەماوەی حەفتەری رابردوودا و لەدرێژەی رەوتی خۆکوژیی ژنانی کورد لەکوردستانی ئێران، کچێکی گەنجی خەڵکی شاری بۆکان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە تۆمار کراون لەسەرەتای ئەمساڵەوە ١٧ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی دووشەممە ١٩ی جۆزەردان، کچێکی گەنج بەناوی چنور ئەمینی کچی مستەفا لەشاری بۆکان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەو کچە تەمەن ٢٣ ساڵەیە، لەرێگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەتا ئێستا هۆکاری خۆکوژی ئەو کچە کوردە روون نەبووەتنەبۆتەوە.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٧ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران هەوڵی خۆکوژییان داوەو کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

ژنێکی کورد لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەر کرا

لەماوەی حەفتەری رابردوودا ژنێکی کوردی دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی شاری بۆکان هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی شەممە ١١ی جۆزەردان، ئەفسانە بەیگ‌پوور دانیشتووی گوندی رەحیم‌خان بۆکان ، هاوڕێ لەگەڵ مێردەکەی سەلمان قوربانی، لەلایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

ئەفسانە ئاقابەیگ‌پوور، پاش چەند رۆژ و بەدانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

سەلمان قوربانی هاوسەری ئەو ژنە کوردە، هەتا ئێستا لە دەستبەسەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان‌دا ماوەتەوە.

ئەو ژن و مێردە کوردە بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی شاری بۆکان، کە لە پەویەندی لەگەڵ کێشەی کەم‌ئاوی گوندی رەحیم‌خان سەر دانی ئەو گوندەیان کردبوو، دەستبەسەر کرون.

ئەفسانە ئاقابەیگ‌پور دوای ئازادبوون هەتا ئێستا چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە بانگهێشت کراوە و وێڕای لێپرسینەوە بەرەورووی بێرێزی بووەتەوە.

ئێران

تۆمەتی چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام خرایە پاڵ سەبا ئازەر پەیک

لەماوەی رۆژانی رابردوودا سەبا ئازەر پەیک، رۆژنامەنووسی رۆژنامەکانی "اعتماد" و "تجارت فردا" لەلایەن یەکێک لە ناوەندە قەزاییەکانی ئێرانەوە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژی نیزام"ی خرایە پاڵ.

سەبا ئازەر پەیک، رۆژنامەنووسی رۆژنامەکانی "اعتماد" و "تجارت فردا"

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، سەید مەحمود عەلیزادە تەباتەبایی پارێزەری سەبا ئازەر پەیک رایگەیاندووە: ناوبراو لەلایەن لقی ٢ی دادسەرای فەرهەنگ و راگەیاندنەوە تۆمەتی " چالاکی دژی نیزام"ی خراوەتە پاڵ.

ناوبراو رۆژی چوارشەممە ٧ی جۆزەردان، دوابەدەوای هێرشی هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئێران بۆ سەر دەفتەری کارەکەی لە رۆژنامەی "تجارت فردا" دەستبەسەر کرابوو.

ئەو رۆژنامەنووسە دۆسیەی مەرگی ستار بەهەشتیی، ڤێبلاگنووسی کوژراوی، لە میدیاکاندا وروژاندەوە، دۆسیەی کوژرانی ناوبراوی گەیاندە مەجلیسی ئێران.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی کوردستان و کورد ( ١ حاڵەت)