٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ «محەممەد ناسری»، وەرزشکاری ناسراوی کورد ناسراو بە «ئەحەد» و بەڕێوەبەری یانەیەکی لەشجوانی لە شارۆچکەی هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان، دوای بانگکردنی بۆ لقی ١٦ی لێکۆڵینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی کرماشان بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی» دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. هەروەها لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی لەبەردەستی خۆی نەماوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای ڕاگەیاند کە «محەممەد ناسری»، ناسراو بە «ئەحەد»، وەرزشکاری کورد و بەڕێوەبەری یانەیەکی لەشجوانی لە شاری هەرسین کە دەرچووی بەشی یاسایە، دوای وەرگرتنی پەڕەی بانگکردن لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ڕۆژی دووشەممە بانگی لقی ١٦ی لێکۆڵینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی کرماشان کرا و بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی» دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم تۆمەتە لە چوارچێوەی دۆسییەیەکدا هاتووەتە ئاراوە کە دژی تۆمار کراوە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دوای دەسبەسەرکردنی ئەم وەرزشکارە کوردە، پەڕەی ئینستاگرامەکەی لەبەردەستی خۆی نەماوە. ناوبراو پێشتر لە پەڕەی ئینستاگرامەکەیدا بابەتگەلێکی لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە قەیرانەکانی کۆمەڵگە و ڕەخنەگرتن لە بارودۆخی ئێستا بڵاو کردبووەوە.
هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، «محەممەد ناسری» دەسبەسەرە و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.





