۳ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ ڕۆژان ابراهیمی، ڕۆژان ئیبراهیمی، کچی لاوی ٢٠ ساڵان و وەرزشکاری بواری هونەرە جەنگییە تێکەڵاوەکان (MMA) خەڵکی سەقز، لە دوای بانگکردنە بەردەوامەکان، هەڕەشە و گوشاری ئیدارهی ئیتلاعات بۆ ناچارکردنی بە هاوکاری لە ناسینەوە و لەداوخستنی چالاکانی سیاسیی دەرەوەی ئێران، هەوڵی خۆکوژیی دا. ناوبراو دوای پێنج ڕۆژ خەواندن لە نەخۆشخانە، ژیانی ڕزگار بوو. لە کاتی دەسبەسەرکردنی لە سەرەتای ڕەزبەری ١٤٠٥وە، مۆبایل، سیمکارت و هەژماری ئینستاگرامەکەی لەژێر دەستی هێزە ئەمنییەکاندان و لەم ئامراز و هەژمارانە بۆ ناردنی پەیام بۆ چالاکانی سیاسیی دەرەوەی وڵات سوود وەرگیراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ۲۸ی ڕەزبەری ١٤٠٥، «ڕۆژان ئیبراهیمی» کە پێشتر لە سەرەتای ڕەزبەردا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو، لەژێر بانگکردنی بەردەوامی ئیداره ئیتلاعاتی سەقز و گوشاری بەردەوامی ئەم ناوەندە ئەمنییە بۆ هاوکاری لە فریودان و لەداوخستنی چالاکانی سیاسیی دەرەوەی وڵات، هەوڵی خۆکوژیی دا کە بنەماڵەکەی زوو بەو هەوڵەیان زانیوە و بۆیەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانیان ڕاگواستووە و ژیانی ڕزگار بووە.
بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، هێزە ئەمنییەکان لە سەرەتای دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی ئەم وەرزشکارە لاوە، بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستیان بەسەر مۆبایل، سیمکارت و هەژماری ئینستاگرامەکەیدا گرتووە. پاشان لە ڕێگەی هەژمارەکەیەوە پەیامیان بۆ چالاکانی سیاسیی دەرەوەی وڵات ناردووە و سووکایەتی و هەڕەشەیان لێ کردوون. هەروەها لە درێژەدا لاپەڕەی نوێیان بە ناوی ئەوەوە لە ئینستاگرام دروست کردووە و ئێستا لە ڕێگەی ئەو لاپەڕانەوە پەیام بۆ چالاکانی سیاسیی دەرەوەی وڵات دەنێرن. هاوکات، ڕۆژان ئیبراهیمی ڕووبەڕووی هەڕەشە و گوشاری توند بۆ هاوکاری لەگەڵ ئەم ناوەندە ئەمنییە بووەتەوە.
ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتویەتی کە مۆبایل و هەژماری ئینستاگرامی ئەم کچە ماوەی ٢٣ ڕۆژ لە دەستی هێزە ئەمنییەکاندا بووە. بە وتەی ناوبراو، هێزە ئەمنییەکان ڕۆژان ئیبراهیمییان بە هەڕەشەکانی وەک دروستکردنی دۆسییە، دەرکردنی سزای قورس، دەسبەسەرکردنەوە، ئەشکەنجە و ئازار خستووەتە ژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی ناچاری بکەن لەگەڵ ئیدارهی ئیتلاعاتی سەقز هاوکاری بکات؛ هاوکارییەک کە دەبایە بەپێی خواستەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییە ئەنجام درابا. ئەم سەرچاوەیە جەختی کردەوە کە بەردەوامی و زیادبوونی گوشارەکان لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا، لە کۆتاییدا بووە هۆی ئەوەی هەوڵی خۆکوشتن بدات.
سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێت ئەم وەرزشکارە لاوە ماوەی پێنج ڕۆژ لە نەخۆشخانە خەوێنراوە و بۆ ڕزگارکردنی ژیانی، پاش ئەوەی بە خواردنی حەب هەوڵی خۆکوژیی داوە، گەدەیان شۆردووە. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ڕۆژان ئیبراهیمی تەنانەت لە ماوەی خەواندن لە نەخۆشخانەشدا بەهۆی گوشارە دووبارەکانی ئیدارهی ئیتلاعاتەوە هەستی بە ئەمنییەت نەکردووە و پێش تەواوبوونی قۆناغەکانی دەرمان داوای دەرچوونی پێشوەختەی کردووە.
بەپێی ئەو وێنەیانەی لە خەواندنی ڕۆژان ئیبراهیمی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سەقز بە دەست کوردپا گەیشتوون، ناوبراو دوای شوشتنی گەدە لەسەر جێگای نەخۆشخانە دەبینرێت؛ لە کاتێکدا لوولەی تایبەت بە شوشتنی گەدە و ئامێرەکانی سێرۆمتراپی و ئانژیوکت بە دەستیەوە بەستراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا گوشار، هەڕەشە، دروستکردنی دۆسییە و ئەشکەنجەی توندی دەروونی دژی هاووڵاتییان — بەتایبەت ژنان و کۆمەڵگەی وەرزشکاران — کە لە دۆسییەی «ڕۆژان ئیبراهیمی»دا بووە هۆی هەوڵی خۆکوژیی ئەم کچە ٢٠ ساڵەیە، بە توندی مەحکووم دەکات. کوردپا ئەم ڕەفتارە نایاساییانە و تێکەڵ بە بارمتەگرتنی ئامرازە تاکەکەسییەکان بە نموونەی ئاشکرای «ئەشکەنجەی دەروونی»، «سیخوڕی زۆرەملێ» و «پێشێلکاریی زەقی مافی مرۆڤ» دەزانێت. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا دان بەوەدا دەنێت کە ئەم دۆسییەیە بە ڕوونی دەردەخات کۆماری ئیسلامی سەرکوتکاریی ناوخۆیی و دەرەکی بە شێوازێکی «تێکەڵاو و بەیەکەوە گرێدراو» بەڕێوە دەبات؛ شێوازێکی سەرکوتکەرانە کە تێیدا لە ژنان و وەرزشکارانی ناوخۆی وڵات وەک داو و ئامرازی گوشار دژی چالاکانی سیاسیی دەرەوەی وڵات کەڵک وەردەگیرێت. ئەم ڕەفتارە پێش هەموو شتێک، نیشاندەری قووڵبوونەوەی سەرکوتی سیستماتیک، داڕمانی پێوەرەکانی دادگایی دادپەروەرانە و پەنابردنی ناوەندە ئەمنییەکان بۆ ڕێبازە تاوانکاری و نائینسانییەکان لە پێشێلکردنی ئاشکرای پەیمانە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤە.





