١ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ «خەبات دێهدار»، چالاکی کرێکاری و بەندکراوی سیاسیی پێشوو کە پێشینەی دەسبەسەرکران، مەحکوومکران و بانگکردنی زۆری هەیە، لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم» بە ساڵێک بەندکرانی هەڵپەسێردراو و ٥ ملیۆن تمەن پێبژاردنی نەختی مەحکووم کرا. هەروەها ناوبراو ئەرکدار کراوە کە هەر سێ مانگ جارێک خۆی بە دامەزراوە ئەمنییەکان بناسێنێت و هەبوونی خۆی تۆمار بکات.

ئەم سزادانە لە پەیوەندی لەگەڵ دوایین دەسبەسەرکردنیدا دەرچووە. ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤، «خەبات دێهدار» لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی ناڕوون گواسترایەوە و ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، دوای ٣٢ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا. هەروەها لە ڕەوتی ئەم دەسبەسەرکردنەدا، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان بردبووە سەر ماڵی باوکی ئەم چالاکە کرێکارییە و پشکنیبوویان.

«خەبات دێهدار» خەڵکی سنەیە و لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٢یە. ئەو ئەندامی گرووپی کولتووری و شاخەوانیی «چل‌چەمە»، لە ئەندامانی شۆرای بەڕێوەبەریی کەمپەینی داواکاریی ئاوی خواردنەوە و پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکانی سنە و ئەندامی دەبیرخانەی هاوبەشی چالاکانی مەدەنیی ئەم شارەیە. ناوبراو لە ساڵی ١٣٨٩وە تا ئێستا چەندین جار دەسبەسەر و مەحکووم کراوە و لە ساڵانی ١٤٠٠، ١٤٠١ و ١٤٠٢دا دەسبەسەر کراوە. هەروەها لە ساڵانی ١٤٠٢ و ١٤٠٣دا بانگ و لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەی لێ کراوە.

پێشینەی دەسبەسەرکران، مەحکوومکران و بانگکردنی خەبات دێهدار؛

١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، کۆمەڵێک لە چالاکانی کرێکاریی سنە بە ناوەکانی «تەیب چتانی»، «لوتفوڵڵا ئەحمەدی»، «ئێقباڵ شەعبانی»، «خەبات دێهدار»، «جەماڵ ئەسەدی» و «پەیام فەتحی» لە ڕێگەی پەیوەندیی تلفۆنییەوە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە هەڕەشەیان لێ کرا کە هەر جۆرە هەوڵێک بۆ بەڕێوەبردن یان بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ٨ی مارس، ڕووبەڕووی بەدواداچوونی یاسایی دەبێتەوە.

٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٢، «خەبات دێهدار» و براکەی «ڕامیار دێهدار»، خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی بە هێرشی توندوتیژانە بۆ سەر ماڵی بنەماڵەیییان دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی ناڕوون گواسترانەوە. مۆبایلی ئەم دوو برایەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە زەوت کرا و هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردندا بە بێڕێزی و سووکایەتییەوە لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەیان ڕەفتاریان کرد. «خەبات دێهدار» دوای ١٢ ڕۆژ، لە ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٢دا، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگایی ئازاد کرا. لە کۆتاییدا، ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٢دا، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم» بە ١٢ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرا.

٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠١، «خەبات دێهدار» لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی ناڕوون گواسترایەوە. ئەو ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، دوای ١٠ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.

١٩ی بەفرانباری ١٤٠٠، «خەبات دێهدار» لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی لە یەکێک لە شەقامەکانی سنە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی ناڕوون گواسترایەوە.

١١ی ڕەشەمەی ۱۳۹۴، ئەم چالاکە کرێکارییە، ڕۆژێک دوای کۆتاییهاتنی دوایین سزای بەندکرانی هەڵپەسێردراوی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم» دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەیەک بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای سنە ڕاگیرا و دواتر بە بارمتە لە بەندیخانە ئازاد کرا. دوای ماوەیەک، لە دادگای ئینقلابی سنە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم» دادگایی کرا و بە سێ مانگ و ١٠ ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کرا. ئەم دەسبەسەرکردن و سزادانە، هاوڕێ بوو لەگەڵ گۆڕینی پێنج ساڵ بەندکراوی هەڵپەسێردراوی پێشووی بۆ پێنج ساڵ بەندکرانی داسەپاو و ناوبراو لە ٢٣ی بانەمەڕی ۱۳۹۵دا بۆ جێبەجێکردنی ئەم سزایانە ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کرا. لە کۆتاییدا، ٢٤ی خاکەڵیوەی  ۱۳۹۹، خەبات دێهدار دوای تێپەڕاندنی چوار ساڵ و چوار مانگ لە سزاکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

ئەو بۆ یەکەم جار لە ساڵی ۱۳۸۹دا دەسبەسەر کرا و دوای ماوەیەک ئازاد کرا. دواتر، لە ۱۱ی ڕەشەمەی ۱۳۸۹دا، لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە بە پێنج ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرا.

٢٤ی ڕەشەمەی ۱۳۹۸، کوردپا ڕاپۆرتی دا کە پێنج چالاکی کرێکاریی کورد بە ناوەکانی «خەبات دێهدار»، «هادی تەنوومەند»، «زانیار دەباغیان»، «تۆفیق مەحموودی» و «ئیسحاق ڕووحی»، سەرباری دەرچوونی بەخشنامەی نوێی دەسەڵاتی دادوەری، هێشتا لە بەندیخانەدا دەمێننەوە و لە ناردن بۆ مورەخەسی بێبەش کراون. بەپێی بەخشنامەی نوێی دەسەڵاتی دادوەری، ئەو زیندانییانەی بە تۆمەتی «کردەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی» و سزای کەمتر لە پێنج ساڵ مەحکووم کراون، دەبێت بە شێوەیەکی کاتی بنێردرێنە مورەخەسی.