۲۹ی خەرمانانی ۱۴۰۵؛ ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە کوردپا گەیشتوون ئاماژە بەوە دەکەن کە پاش مانگرتنی کاسبکاران و بازاڕییان لە دەیان شاری کوردستان، ژمارەیەک لە دووکانەکان لە شاری سەقز لەلایەن دامەزراوە حکومییەکانەوە پلۆمپ کراون.
بەپێی ڕاپۆرتەکان و ئەو وێنەیەی کە گەیشتوونەتە کوردپا، تا ئێستا ژمارەیەک لە دووکانی کاسبکاران و بازاڕییان لە سەقز لەلایەن ئیدارەی چاوەدێری بەسەر شوێنە گشتییەکانی فەرماندەیی ئینتزامیی شاری سەقزەوە پلۆمپ کراون. لەسەر ئەو پەڕانەی کە لەسەر ئەم شوێنە ئابوورییانە هەڵواسراون هاتووه: «پلۆمپ؛ ئەم یەکە سێنفییە بە هۆی لەبەرجاونەگرتنی یاساکان هەتا ڕاگەیاندنی دوایی دادەخرێت."
ڕۆژی چوارشەممە ۲۵ی خەرمانانی ۱۴۰۵، هاوکات لەگەڵ چوارەمین ساڵیادی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، دەیان شار لە چوار پارێزگای کوردستان، ورمێ کرماشان و ئیلام، لەسەر بانگەوازی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و سەرەڕای کەشوهەوای توندی ئەمنی و هەڕەشە حکومییەکان، پەیوەستی مانگرتنی گشتییەوە بوون؛ سەقز، سنە، مەهاباد و بۆکان بەرفراوانترین مانگرتنەکانیان تێدا بەڕێوە چوو. هاوکات، حکوومەت بە توندکردنەوەی ئامادەیی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان، داخستنی ڕێگاکانی گۆڕستانی ئایچی، ڕێگری لە ئامادەبوونی بنەماڵەی گیانلەدەستداوان، هەڕەشە لە کاسبکاران و ناردنی نامەی هەڕەشەئامێز، هەوڵی ڕێگری لە گەشەسەندنی مانگرتنەکانی دا. هەروەها دەیان هاووڵاتی لە شنۆ، مەهاباد، کامێران و قوروە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزران.





