بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ۲۹ی خەرمانانی ۱۴۰۵، «هاوڕێ یووسفی»، قوتابیی ۱۷ ساڵانی خەڵکی گوندی «ئەڵک»ی سەر بە «کامێران»، بە هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێرانەوە، بە شێوەیەکی توندوتیژانە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ «هاوڕێ یووسفی» خوێندکاری قۆناغی دواناوەندییە و هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا، لێێان داوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم مێردمنداڵە ۱۷ ساڵەیە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمباریەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها، ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دیدار و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشە و لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.





