ڕۆژی شەممە ۲۴ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، «مەسعوود ئالانی کۆنەقەڵا» گۆرانیبێژی خەڵکی گوندی «سینگان» و دانیشتووی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ۲۴ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، «مەسعوود ئالانی کۆنەقەڵا» گۆرانیبێژی خەڵکی گوندی «سینگان» و دانیشتووی شنۆ لە یەکێک لە کافەکانی شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
دواتر هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو لە شنۆ و بێ بەڵگەی یاسایی دەستیان بەسەر مۆبایلی هاوسەر و کچەکەیدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم گۆرانیبێژە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمباریەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ئەم هاوڵاتییە کوردە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دیدار و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
«مەسعوود ئالانی کۆنەقەڵا» لە گۆرانیبێژە ناسراوەکانی شنۆیە و بەهۆی چڕینی گۆرانی کوردی بە شێوازی نیشتمانی چەندین جار بانگ و دەسبەسەر کراوە.





