ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٥، هاووڵاتییەک بە ناوی "ئاوات سادقنیا(سەرگوڵی)" خەڵکی گوندی "کۆسەکەریز" سەر بە شاری مەهاباد پاش ٨٣ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و بە دانانی بارمتەی ١٠ میلیارد تمەنی و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانەوە بۆ بەندیخانەی مەهاباد ڕاگوێزراوە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، ئەم هاووڵاتییە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.





