سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٢ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی دلێر زاهێدیپوور، هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان، چارەنووسی ناوبراو ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٤٥ ساڵەیە، پاش دەسبەسەرکران، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ناڕوونیی چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە نیگەرانیی بنەماڵەکەی بەدواوە بووە و تاکوو ئێستا هیچ ناوەندێک وڵامی بنەماڵەکەی نەداونەتەوە.

ڕۆژی هەینی، ٦ی ڕێبەندان، ئەم هاووڵاتییە کوردە بە بێ بەڵگەی یاسایی لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە سەر مۆبایل و ماشینی ئەم هاووڵاتییەشدا گرتووە.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی دلێر زاهێدیپوور، زانیارییەک دەست نەکەوتووە.