سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی بەفرانبار، ئەمیر شەهبازی، بەندکراوی کورد کە سزای بڕینەوەی قامکی دەستی بەسەردا سەپابوو، لە ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ورمێ بە خواردنی حەب کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و گیانی لەدەست دا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە تەمەن ٣٧ ساڵەی خەڵکی ورمێ، بەو هۆیەوە کە درەنگ گەیەندراوەتە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەمیر شەهبازی ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی بەفرانبار بە فەرمانی شۆرانی ئینزیباتیی بەندیخانەی ورمێ و بەو بیانوویە کە مۆبایلی پێوە گیراوە، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ئەم بەندکراوە بە بەرپرسەکانی بەندیخانەکەی ڕاگەیاندبوو کە ئەگەر بمگوازنەوە بۆ ژووری تاکەکەسی، خۆم دەکوژم.
ئەمیر شەهبازی، ساڵی ١٣٩٥ بە تۆمەتی "دزیکردن"، دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دادگای سزاکانی ورمێوە سزای بڕینەوەی ٤ قامکی دەستی ڕاستی بەسەردا سەپا.





