مەلا ساحیب ئەحمەدی لە قوتابییانی حوجرەی ئیمام نەواویی نەنەڵەی سنە بانگهێشتی دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت لە هەمەدان کرا.

ئەم هاووڵاتییە بەپێی بانگهێشتنامەیەک کە بەدەستی گەیشتووە دەبێ لە ماوەی ٥ ڕۆژی داهاتوودا خۆی بە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت لە هەمەدان بناسێنێ.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١، مەلا ساحێب ئەحمەدی لە قوتابییانی مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە، لە حوجرەی دینیی مزگەوتی گوندی نەنەڵەی سنە، بە کەفالەت و بە شێوەی کاتی لە زیندانی سنە ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.

شەوی دووشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠١، مەلا ساحێب ئەحمەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.