ڕۆژی هەینی ٤ی سەرماوەز، دوو منداڵی خەڵکی شاری سەردەشت بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران بریندار بوون کە بارودۆخی یەکێکیان، نالەبار ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو منداڵە برا بوون و لە ماشینی خۆیاندا، لە یەکێک لە خاڵە پشکنینەکانی سپای پاسداران، لەلایەن هێزەکانی ئەو ڕێکخراوەوە تەقەیان لێ کراوە و فەرزاد زەینالی کە تەمەنی ١١ ساڵان و شۆفێری ماشینەکە بووە، بەهۆی بەرکەوتنی گولــلەی هێزەکانی سپا لە سەری، بەسەختی بریندار کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: براکەی فەرزاد کە تەمەنی ٨ ساڵە، لەو ڕووداوەدا بریندار بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەو دوو برایە بە مەبەستی ڕۆیشتن بۆ ناو باخەکەی خۆیان لە نزیک شاری ڕەبەت، لە سێڕێیانی مەلاشێخ، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە، تەقەیان لێ کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: بنەماڵەی ئەو دوو منداڵە لە ترسی دەسبەسەرکرانیان، سەرەتا لە بردنی منداڵەکانیان بۆ ناوەندی دەرمانی خۆیان بواردووە و پاش خراب بوونی باری تەندروستیی فەرزاد، کوڕەکەیان ڕەوانەی نەخۆشخانەی مەهاباد، کردووە.

بەپێی گرتە ڤیدیۆیەکە، سی تی ئیسکەنی سەری فەرزاد، هێشتا چەند ساچمەیەکی تێدایە و ئێسکەسەری ئەو منداڵە شکاوە.