ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "جەلال ئەمینی" لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، بۆ زیندانی بۆکان گوێزرایەوە.
ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پاڕێزەر بێبەری کرابوو.
ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە داخستنی جاددەی "میراوا" بۆ بۆکان ماشینی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان ڕاگرت و بە بێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.
هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردبوو.
جەلال ئەمینی هاوژینی عەزیمە ناسری، زیندانیی سیاسیی پێشوویە کە مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو و مانگی بەفرانباریی ساڵی ١٣٩٩، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان دەسبەسەر و پاش چەند مانگێک لە دەسبەسەرکرانی بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ، ئازاد کرابوو.
هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.





