هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "فاتێح سەعدوڵڵاهی" خەڵکی گوندی شیان سەر بە شاری سنە، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە هێشتا دەسبەسەرە و لە چارەنووسی ناوبراو زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە خەرمانانی ئەمساڵ بێ نیشاندانی حوکمی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.
ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد: "هێزە ئەمنییەتییەکان دوای دەسبەسەرکردنی فاتێح هێرشیان کردووە سەر خانووەکەی لە گوندی شیاندا و پشکنیویانە. ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە".
وێڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی "سەعدوڵڵاهی" بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی "فاتێح"، هێزە ئەمنییەتییەکان وڵامێکی ڕوونیان نەداوەتەوە.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی "فاتێح سەعدوڵڵاهی" زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.





