زیندانییەک بە ناوی "بەختیار سەحرایی"، خەڵکی جوانڕۆ لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان بۆ ڕزگاری لە ئێعدام پێویستیی بە یارمەتیی ماڵی هەیە.
یەکێک لە نزیکانی ئەو زیندانییە لەم بارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاندووە: "ئەو هاووڵاتییە ساڵی ٩٥ی هەتاوی لە ڕەوتی شەڕ و تێکهەڵچوونێک لەنێوان بنەماڵەی هاوسەرەکەی و خزمەکانی خۆی، بۆ نێوبژیوانی چووەتە هاواریانەوە و لەو شەڕەدا یەک کەس کوژراوە و بەختیار سەحرایی بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" بە ئێعدام (قیساس) مەحکووم کراوە.
ئەو سەرچاوە هەروەها وتوویەتی: "پاش ئەو ڕووداوە، هاوسەری سەحرایی دەستی داوەتە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە".
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو کە سەرەتا بنەماڵەی کوژراوەکە بۆ لێخۆشبوونی ئەو زیندانییە داوای ٤ میلیارد تمەنیان کردبوو و هەنووکە داوای ٢ میلیارد تمەن دەکەن.
بەختیار سەحرایی لە ساڵی ٩٥ی هەتاوییەوە هەتاکوو ئێستا، لە زیندانی دێزڵاوای کرماشانە.





