ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی جۆزەردان، سەربازێکی هەنگی سنووریی بانە بە ناوی "عەباس خەزایی" تەمەن ٢٠ ساڵ، خەڵکی هەمەدان، بەهۆی تەقینەوەی مین هەر دوو دەستی قرتا.
"ڕەزا پیرا" بەڕێوەبەری ئۆرژانسی و ڕووداوەکانی زانکۆی زانستی پزشکیی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ میدیاکان ڕایگەیاندووە: "بەهۆی تەقینەوەی مین لە پاسگای سنووریی بانە، هەر دوو مەچەکی ئەو سەربازە قرتاوە و دەموچاویشی تووشی برینی قورس بووه".
"پیرا" هەروەها ڕایگەیاندووە: "ئەو سەربازە پاش ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبیی شاری بانە، بۆ درێژەی چارەسەری پزشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە کرابوو و لە کۆتاییدا، لە ڕێگای فڕۆکەی ڕێکخراوی ئۆرژانسی ئێران، ڕەوانەی نەخۆشخانەی وەلیعەسری ناجا لە تاران کراوە."
مینە بەجێماوەکانی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، هەموو ساڵیک دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە ناوچە سنوورییەکاندا.
لە نزیکەی ٤٢ هەزار کیلۆمیتری دووجا لە خاکی ئێران، مینی بەجێماو و نەتەقێنراوەی شەڕی نێوان ئێران و عێراق بوونی هەیە.





