بەرپرسانی زیندانی سەقز بو گوشار خستنە سەر زیندانییانی هەڵاتوو لە زیندانی ئەو شارە، خۆراکی زیندانییانیان کەم کردووەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی سەقز بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "پاش هەڵاتنی زیندانییانی زیندانی ئەو شارە، بەرپرسانی زیندان، سەرەڕای کەمکردنەوەی ژەمە خۆراکی زیندانییان، تەنانەت هەر دوو کەس یەک پۆرس خۆراکیان لە ژەمەکان پێ دەدەن".
ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاند: "جیا لە کەمکردنەوە خۆراکی زیندانییان، تەنانەت بەرپرسانی زیندان، ئاوی کوڵیو بۆ چایی بە زیندانییەکان نادەن و زۆربەی ژەمەکان زیندانییان چاییان نییە".
ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد: "بەرپرسانی زیندان، کڕینی شتومەک لە بووفەیان بۆ زیندانییانی هەڵاتوو، کەم کردووەتەوە".
سەرچاوەی کوردپا هەروەها ناوی ئەو ٥ کەسەی کە مەحکووم کراون بە یارمەتیدانی هەڵاتنی زیندانییەکان ئاشکرا کرد کە بەم چەشنەیە: "ئەسلانی، دێهقان، عارف عیساپوور، عەبدی پوور و ئەفسەر نیگەهبان محەممەدی".
هەتا ئێستا حوکمی ئەو ٥ کەسە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووەتەوە.
حەوتووی ڕابردوو، بەرپرسی ڕێکخراوی دادوەریی هێزە چەکدارەکانی پارێزگای سنە، باسی لە مەحکوومکردنی ٥ زیندانی بە تاوانی یارمەتیدانی زیندانییان هەڵاتوو لە زیندانی سەقز کرد.





