ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی جۆزەردان، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە نزیک گوندی "کەرکوشـ"ـی بەخشی "سەفاییە"ی شاری خۆی، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە دەسڕێژییان لێ کرا و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا، "موحسێن دروێش زادە و ئیبراهیم جوردیزەج" گیانیان لەدەست دا.
ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە کۆڵبەران لە مەودایەکی کەم و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە، تەقەیان لێ کرابوو.
ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە لەو ڕووداوەدا چاو و ملیان بەر گولـلە کەوتووە.
لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردان، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران ژمارەیەک لە کۆڵبەرانیان لە سنووری سۆما و برادۆستی ورمێ کردە ئامانج و بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ئەرسەلان ئەحمەدی" کوڕی "حاکم" گیانی لەدەست دا و هەروەها دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی "توران و ڕەدوان ئەحمەدی" کوڕی "عەبدولخالق"، بەسەختی لەو ڕووداوەدا پێکران.





