ئاژانسی کوردپا: ئاگرکەوتنەوە لە شاری تیکاب، لەنێوچوونی ٢٥ هێکتار لە لەوەڕگە و باخەکانی ئەو شارەی لێکەوتەوە.
"مەحموود زەمانی"، فەرمانداری شاری تیکاب، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "٢٥ هێکتار لە لەوەڕگە و باخەکانی دەوروبەری شار، بەهۆی کەمتەرخەمی، لە ئاگردا سووتان".
ناوبراو لە درێژەدا وتی: "ئەو ئاگرکەوتنەوەیە لە نزیک زەوییەکانی نەسرینپووری شاری تیکاب ڕوویداوە".
سەرەڕای سووتاندنی لەوەڕگەکان و ڕێژەیەکی زۆر "کا"ی کۆکراوەی جووتیاران، باخەکانی ئەو دەوروبەرەش خەساریان بەرکەوتووە.
لە ئەمساڵدا، ئاگرکەوتنەوە و ئاگربەردان لە کوردستان، خەسارێکی زۆری بە ژینگە و باخ و بەرهەمی جووتیاران گەیاندووە و بەرپرسانی حکوومەتیش، نە بۆ پێشگیری و نە بۆ قەرەبووکردنەوە، هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەگرتووە.





