ئاژانسی کوردپا: زیندانییەک لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێدا، بۆ ڕزگاربوون لە پەتی سێدارە، پێویستی بە یارمەتیی ماڵیی هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، "محەممەد تەیمووری" خەڵکی شاری "نەغەدە"، لە بەندی ١ و ٢ی زیندانی ورمێدا، پێویستی بە یارمەتیی ماڵیی هەیە.

"محەممەد تەیمووری"، ١٢ ساڵ پێش، بەهۆی شەڕ و دەمەقاڵێ، تووشی قەتڵ بووە و بنەماڵەی کوژراوەکە پاش ١٢ ساڵ، هێشتا ڕەزایەتیان نەداوە و داوای بڕی ٦٠٠ ملیۆن تمەن دەکەن.

هەتا ئێستا بڕی ٣٦٠ ملیۆن تمەن لە لایەن خێرخوازانەوە کۆکراوەتەوە و بڕی ٢٤٠ ملیۆن تمەنی ماوە.

ئەو زیندانییە کوردە، هەتا ١٣ ڕۆژی دیکە مۆڵەتی هەیە و لە ئەگەری کۆنەکردنەوەی ئەو بڕە پارەیە، لە سێدارە دەدرێت.

"محەممەد تەیمووری"، ڕۆژی ٣ی گەلاوێژ، بە لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە، لە پەتی سێدارە ڕزگاری بوو و ئەو مۆڵەتەیان بۆ دیاری کرد تا دییەکەی کۆ بکاتەوە.