ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی سێنفیی مامۆستایانی شاری مەریوان، بە کەفاڵەت ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی جۆزەردان، "ئەسکەندەر لوتفی"، چالاکی سێنفیی مامۆستایانی شاری مەریوان و لێکۆڵەری شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران، لە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادگای ئینقلابی شاری سنە، تۆمەتەکەیان پێ ڕاگەیاند.
ئەم چالاکە بە "کۆبوونەوە و تەبانی دژی نیزام، هاندانی بیروڕای گشتی و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست" تۆمەتبار کراوە.
ئەم چالاکە سێنفییەی مامۆستایانی شاری مەریوان، لەسەر سکاڵای ئیتلاعاتی سپای پاسداران، تۆمەتەکانیان پێ ڕاگەیاند و ناوبراو تەواوی ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.
"ئەسکەندەر لوتفی"، پاش پێیڕاگەیاندنی تۆمەتەکەی، بە کەفاڵەت ئازاد کرا.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەر ساڵی ٩٧ی هەتاوی، ئەم مامۆستایە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان کرابوو و لەو ناوەندە حکوومەتییەدا لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.
ئەم مامۆستا کوردە پاش مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان، بە هۆی "هاندانی مامۆستایان بۆ بەشداری کردن لە مانگرتنی سەرتاسەری"، بانگهێشتی ئیتلاعاتی سپای پاسداران کرابوو.





