ئاژانسی کوردپا: کرێکارانی شارەداریی شنۆ، بە هۆی نەدانی مووچەی مانگانە دەستیان دایە مانگرتن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کرێکارانی شارەداریی شنۆ، ماوەی سێ ڕۆژە بە هۆی دۆخی خراپی بژیویی ژیان و نەدانی مووچەی مانگانە، دەستیان داوەتە مانگرتن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شارەداریی شنۆدا، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاندووە: "سەرەڕای مانگرتنی سێ ڕۆژەی کرێکارانی شارەداریی شنۆ، هەتا ئێستا هیچ بەرپرسێکی ئەو ئیدارەیە بەدواداچوونی بۆ ویست و داخوازییەکانی کرێکاران ئەنجام نەداوە."
ئەم سەرچاوەیە باسی لەوەش کردووە: "کرێکارانی شارەداریی شنۆ لە درێژەی مانگرتنەکەیاندا داوای داخوازییەکانی خۆیان کردووە."
لەم پێوەندییەدا، شارەداریی شنۆ، هەتا ئێستا مووچەی چوار مانگی کۆتایی ساڵی ٩٧ی بە کرێکارانی شارەداری و فەزای سەوز نەداوە."
نەدانی مووچەی چوار مانگی کۆتایی ساڵی ٩٧ لە لایەن شارەداری، لە کاتێکدایە کە شارەداری و شۆرای شاری شنۆ ڕایانگەیاندبوو کە سەرجەم مووچەی ساڵی ٩٧ بە کرێکاران دراوە.





