ئاژانسی کوردپا: بە هۆی خواردنەوەی مەشرووبی ژەهراوی، هاووڵاتییەک لە شاری ئیلام گیانی لەدەست دا و ٦ کەسی دیکە ژەهراوی بوون.

بەپێی ماڵپەڕەکانی شاری ئیلام، ٧ هاووڵاتیی خەڵکی شاری ئیلام پاش خواردنەوەی مەشرووبی ژەهراوی، کەسێکیان گیانی لەدەست دا و ٦ کەسی دیکە بە سەختی ژەهراوی بوون و باری تەندروستییان نالەبار ڕاگەیاندراوە.

سەرەڕای مردنی هاووڵاتییەک، دوو کەسی دیکەیان بیناییان لە دەست داوە و هەروەها کەسێکی دیکە بە هۆی مەترسی لەسەر گورچیلەکانی، "دیالیزیان" بۆ کردووە.

لەو پەیوەندییەدا، فەرماندی هێزە ئینتزامییەکانی شاری ئیلام ڕایگەیاند: "دوو کەس لە فرۆشیارانی مەشرووباتی ئەلکۆلی لەو پەیوەندییەدا، دەسبەسەر کراون و ڕەوانەی زیندان کراون."

پێشترین لە شارەکانی بۆکان، بانە، ورمێ و پیرانشار، نزیکەی ٥٠ هاووڵاتی، بە هۆی خواردنەوەی مەشرووباتی ناستاندارد، گیانیان لەدەست دا و ژەهراوی بوون.