ئاژانسی کوردپا: پاش تەشەنەسەندی شەڕ و پێکدادان لە نێوان بازاڕییانی شارەکی زێوە و یەکیەتیی تەعاونی، بازاڕییان لە هەمبەر ناڕەزایەتی لە ناڕوونیی کێشەکانیان، دووکانەکانیان داخست و لە پێش بینای بەخشداریی سیلوانا، کۆبوونەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی بانەمەڕ، بازاڕییانی شارەکی زێوە، لە هەمبەر هەوڵەکانی یەکیەتیی تەعاونی لە بەرانبەر بینای بەخشداری کۆبوونەوە و خوازیاری پێڕاگەیشتن بە داخوازییەکانیان بوون.
یەکێک لە دووکاندارانی شارەکی زێوە لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵنێریی کوردپا ڕایگەیاند: دووکانداران لە لە مێژە ئەو دووکانانەیان کڕیوە و پاش ئیدعای یەکیەتیی تەعاونی لەمەڕ خاوەنداریەتیی زەوییەکانی ئۆردووگای زێوە، چارەنووسی دووکانداران لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، ناڕوونە.
بە وتەی ناوبراو، بازاڕییان بۆ چاککردن و نۆژەنکردنەوەی دووکانەکانیان بڕی ١٢٠ میلیۆن تەمەن تێچوویان خەرج کردووە و یەکیەتیی تەعاونی داوای لەوان کردووە هەتا دووکانەکانی خۆیان ڕادەستی یەکیەتیی تەعاونی بکەن و دووبارە دەستیان بە نرخدانان لەسەر دووکانەکان کردووە.

بە وتەی ئەو دووکاندارەی شارەکی زێوە، نرخی دیاریکراوی تەعاونی لە نێوان ٢٠٠ هەتا ٣٠٠ میلیۆن تەمەن دەبێت و بازاڕییان بە کۆبوونەوە لە بەردەم بینای بەخشداریی سیلوانادا ڕایانگەیاندووە کە لە ئەگەری پشتگوێخستنی داخوازییەکانمان لە بەرانبەر بینای فەرمانداریی شاری ورمێدا کۆ دەبینەوە.
ئەو دووکاندارە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: بڵاوبوونەوەی هێندێک هەواڵ لە کاناڵە خەبەرییەکان، سەبارەت بە کۆتایی هاتنی ململانێی بازاڕییانی شارەکی زێوە و یەکیەتیی تەعاونی ڕەت دەکەمەوە و کێشەکانی نێوان بازاڕییان و یەکیەتیی تەعاونی هەروەها درێژەی هەیە.
لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی بانەمەڕ، یەکیەتیی تەعاونی لەگەڵ دێهیاری شارەکی زێوە و هێزە ئینتزامییەکان، هێرشیان کردە سەر دووکاندارانی ئەو شارەکە و شەڕ و پێکدادانان لە نێوانیاندا ڕووی دا.
ناوەندە پەیوەندییەدارەکانی حکوومەت، ٤٠٠ دووکانداریان، لە شارەکی زێوەی ناوچەی مەرگەوەڕ، خستووەتە ژێر گوشارەوە، هەتا دووکانەکانیان ڕادەستی ئەوان بکەن.





