ئاژانسی کوردپا: دوو چالاکیی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سنە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندان، دوو چالاکیی ژینگەپارێز بە ناوەکانی "ئارمان وەفایی" و "شاهۆ فەرەجی" خەڵکی شاری سنە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
هێزە ئیتلاعاتییەکان لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری سنە شاهۆ فەرەجییان دەسبەسەر کردووە و ئارمان وەفایی لە ماڵی خۆیدا دەسبەسەر کراوە.
هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەم دوو چالاکە، دەستیان داوە بە پشکنینی ماڵی ئەم دوو چالاکە و دەستیان بە سەر کۆمەڵێک کەل و پەلی شەخسی ئەوانیاندا گرتووە.
تا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەر هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم دوو چالاکە کوردە لە بەر دەستدا نییه.





