ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، دانیشتووی شاری ورمێ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی "سوهراب ڕەخشا" دانیشتووی شاری ورمێ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ئەو هاووڵاتییە کوردە، یەکێک لە ناسراوترین خێرخوازەکانی شاری شنۆ بووە و لە دروستکردنی قوتابخانەکانی شنۆدا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووه.
بەدوداچوونی بنەماڵەی ناوبراو بۆ ئاگاداریی لە چارەنووسی کوڕەکەیان هەتا ئێستا بێئاکام بووه و لە هۆکاری دەسبەسەریی ناوبراویش هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
لەو پێوەندییەدا، هەر هەمان ڕۆژ فەرهاد محەممەدی، پارێزەری پلە یەکی دادگۆستەری، دوای بانگهێشتی بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئەو ناوەندە ئیتلاعاتییە ڕاگوێزرا.
ئەو پارێزەرە کورد لە ماوەی ڕابردوودا، چەندین جار بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بانگهێشت کرابوو.





