ئاژانسی کوردپا: ٦ قوتابیی کوردی خەڵکی ناوچەی سۆمای برادۆست لە ورمێ، پاش ڕووداوێکی هاتووچۆ، تووشی ئازاری دەست و مل بوون، که لە بەشی فریاکەوتنی خێرادا لە ژێر چاودێریدان.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی بەفرانبار، ئۆتۆمبیلی هاتووچۆی قوتابییان، که ٦ قوتابیی خەڵکی گوندی " فیرووزیانـ"ـی تێدا بووە، به هۆی پێکدادان لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا، له ڕێگاکه لا دەدات و لەسەر پردێکی یەک مێترییەوە بەر دەبێتەوە.
شوناسی ئەو قوتابییانە، کە لەم ئۆتۆمبێلەدا بوون بریتین: "مۆبین ئێبراهیمزادە، تەمەن ١٤ ساڵ"، "ئەسرا ئیبراهیمزادە، تەمەن ١٤ ساڵ"، "سابر ئاقاخانی، تەمەن ١٣ ساڵ"، "دیار جەهانگیری، تەمەن ١٤ ساڵ"، "سابر ئاقاجانی، تەمەن ١٣ ساڵ" و "زەکی عەبدوڵڵازادە، تەمەن ١٤ ساڵ".
لەم ڕووداوەدا، ئەم ٦ قوتابییە تووشی برینداربوونی لە لایەن دەست و ملیانەوە بوون و ئێستاکه لە بەشی فریاکەوتنی خێرای نەخۆشخانەی خومەینی، لە شاری ورمێ لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.
ئەم ڕووداوە لە ڕێگای گوندی "فیرووزیان" بۆ قوتابخانەی "خلبان شهید گنبد" ڕووی داوە و بەرپرسی پێوەندییەکانی ئیدارەی پەروەردەی ورمێ، دۆخی هەنووکەیی قوتابییەکانی لەبار وەسف کردووە.
شایانی باسە، ئەم ٦ قوتابییە بریندارە، ٢ کەسیان پۆلی هەشت و ٤ کەسیان پۆلی حەوتن.





