ئاژانسی کوردپا: چافرۆشەکانی مەریوان، لە کردەوەیەکی سەمبۆلیکدا و بە مەبەستی پاراستنی دارستانەکانی زاگرۆس، سەماوەرە خەڵووزییەکانی خۆیان کرد به گوڵدان بۆ چاندنی بەڕوو و لەمەوبەدوا لە سەماوەری گازی کەڵک وەردەگرن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش لەنێوچوونی بەربڵاوی دارستانەکانی زاگرۆس، بەتایبەت لە مەریواندا، به هەوڵ و تێکۆشانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، چافرۆشەکانی ئەم شارە، ئامادەییی خۆیان بۆ کەڵکوەرگرتن لە گاز بۆ سەماوەرە خەڵووزییەکانیان دەربڕی.

ئەم کارە پاش قەیرانی لەنێوچوونی دارستانەکانی زاگرۆس، بەتایبەت لە ناوچەی مەریوان و بڕینەوەی دارەکان و فرۆشتن و قاچاخی دارەکان و هەروەها گۆڕینی کاربەریی دارستانەکان بۆ زەوینی کشتوکاڵی و باخ و هەروەها گەرمبوونی بازاڕی ئەوانەی کە کەبابییان هەیە، یان ئەوانەی کە چای به خەڵووز دروست دەکەن و نێرگەلە دەفرۆشن ئەنجام دراوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە، ٤ی بەفرانبار، " پدرام هێجرانی"، یەکێک لەو لاوانەی کە لە زرێباری مەریواندا، چای دروستکراوی سەر خەڵووزی دەفرۆشت، به دروشمی "نا بۆ لەنێوبردنی دارستانەکانی زاگرۆس"، سەماوەرە خەڵووزییەکەی خۆی کرد به گوڵدانێک بۆ چاندنی بەڕوو و لەمەوبەدوا، لە سەر سەماوەری گازی چای ساز دەکات.

پاش ئەم کارە سەمبۆلیکەی "پدرام هێجرانی"، " فاتح بادغەن"، چافرۆشێکی دیکە، لە نزیکەی پارکی میللەتی مەریوان، سەماوەرەکەی خۆی کردە سەماوەری گازی و چووە ڕیزی ژینگەپارێزانەوە.

ئەم کارەی چافرۆشانەی مەریوان، پێشوازیی گەرمی ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوانی بەدواوە بوو و لە ڕێوڕەسمگەلێکی جیاجیادا، ڕێزیان لەم دوو چافرۆشە گرت.

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان هیوادارە، که هەموو ئەو کەسانەی که پیشە و کارەکانیان بە خەڵووز ئەنجام دەدەن، به زووترین کات، لە جیاتی خەڵووز، گاز بەکار بێنن.