ئاژانسی کوردپا: نووسەرێکی کوردی دانیشتووی شاری قوروەی سەر بە پارێزگای سنه، بە هۆی هەژاری و دەستکورتییەوە ناتوانێت بەرهەمەکانی چاپ بکات.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نووسەرێکی کورد، بە ناوی "محەممەدکازم مفاخری" دانیشتووی شاری قوروە، که لە تەمەنی شازده ساڵییەوە لە بواری ئەدەبیات و فەرهەنگدا لێکۆڵێنەوەی کردووە، هەتا ئێستا نەیتوانیوە بەرهەمەکانی خۆی چاپ بکات.
یەکەمین بەرهەمی ئەو نووسەرە قوروەییە، کتێبێکی لەژێر ناوی "مەتەڵە نێودەوڵەتییەکان" (کوردی ـ فارسی) لە دەیەی هەشتا چاپ و بڵاو کرایەوە.
فەرهەنگی وشەی "زاگرۆس"، کە سەرجەم وردە فەرهەنگ و دیالێکتەکانی زاگرۆسی لە خۆ گرتووە، ڕۆمانی ٥٠٠ لاپەڕەیی بە ناوی "چیرۆکی کوردی" و کتێبی "ناو و ناوەکانی ناوچەی شاری قوروە"، لە بەرهەمەکانی ئەو نووسەرە کوردەن، بەڵام ناوبراو بە هۆی ئەوەی کە توانای ماددی نییە ناتوانێت چاپ و بڵاویان بکاتەوە.
ئەو نووسەرە کوردە وتوویەتی: ٣٩ ساڵ تەمەنی خۆی بۆ خزمەت بە فەرهەنگی زاگرۆس تەرخان کردووە و تەنیا داوای لە دڵسۆزان و دەزگاکانی چاپی زاگرۆس ئەوەیە هاوکاریی ماددی بکەن هەتا بتوانێت بەرهەمەکانی چاپ بکات.
ئەمساڵ لە جێژنی شەوی یەڵدا لە قوروەدا، بە هەوڵی دڵسۆزان و چالاکانی قوروەیی و ئەنجومەنی "ئاونگ و چیستا" ڕێز لە زەحمەت و تێکۆشانی ٣٩ ساڵەی ئەو نووسەرە کوردە گیرا.
ناوبراو لەو جێژنەدا، تەندیسی ساڵانەی "هەنار"ی پێ بەخشرا.
محەممەدکازم مفاخری، ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی، لە گوندی "گردمیرانــ"ـی لەیلاخ، لە بنەماڵەیەکی فەرهەنگی لە دایک بووه.





