ئاژانسی کوردپا: وەشانگەی "باشوور" بۆ چالاکی لە بواری فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی خوارین (کەلهوڕی، لەکی، فەیلی و...) لە ئیلام مۆڵەتی وەرگرت.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، وەشانگەی "باشوور" وەکوو وەشانگەی لێزانیی(تەخەسوسی) ئەدەبیات و هونەر بە تیشک خستنە سەر زمان و ئەدەبیاتی کوردی خوارین مۆڵەتی وەرگرت.

وەشانگەی "باشوور" بە تەمایە به لەبەرچاوگرتنی زۆرینەی پێوەر و ستانداردەکانی کوالێتی بیاڤی چاپ، پاش کارناسی و پەسەندکردنی ئاسەوارەکان، به شێوازگەلی خوارەوە، دەست به چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب بکات:

ـ سەرمایەدانان لە لایەن نووسەرەوە
ـ سەرمایەدانانی هاوبەشی بەرپرسی وەشانگە و نووسەر
ـ سەرمایەدانان لە لایەن بەرپرسی وەشانگە

محەممەد مورادی نەساری، بەرپرسی وەشانگەی "باشوور"وەشانگەی " باشوور" هاوکاری لە گەڵ گرافیستە شارەزاکان بۆ تەڕاحی ڕووبەرگ و تەڕاحی گونجاوی کتێب، بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی پەردەلادان و ڕەخنە و تاوتوێ کردنی ئاسەوارەکان به بەشداری ڕەخنەگرانی دیار لە یەکێک لە شارەکانی کوردزمان، ناردنی ١٠ بەرگ لە کتێب بۆ ڕەخنەگران و ناساندنی کتێب لە بڵاڤۆکە مەجازی یان کاغەزییەکاندا، ڕێنوێنی و پێداچوونەوەی بەخۆڕایی ئاسەوارەکان، یارمەتی بۆ بڵاوکردنەوە کتێبی کوردی لە پارێزگا کوردزمانەکان و هەروەها کڕینی ئینتێرنێتی و ناردنی پۆستی کتێبەکانی ئەم وەشانگەیە به داشکاندنی تایبەت بۆ سەرتاسەری وڵاتی وەکوو بەلێنەکانی ئێستای ئەم وەشانگەیە ڕاگەیاندووە.

وەشانگەی "باشوور" به بەرپرسایەتی "محەممەد مورادی نەساری" نووسەر و شاعێری کورد لە ئیلام چالاکییەکانی خۆی دەست پێدەکات.

لە ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوودا، "محەممەد مورادی نەساری" وەکوو کەسایەتی شیعری جەوانی کوردی هەڵبژێردرا و ڕێز لە چالاکییەکانی لە بواری فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردیدا گیرا.