ئاژانسی کوردپا: بە هۆی کێشەی ماڵی ژنێکی لاو لە شاری سەقز هەوڵی خۆکوژی دا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی سەرماوەز، ژنێکی کورد بە ناوی "نەهیە ئەلیاسی" خەڵکی گوندی "مەڕان" سەر بە ناوچەی تیلەکۆ و دانیشتووی گەڕەکی "حاجی ئاوا"ی شاری سەقز، کۆتایی بە ژیانی خۆی ‌هێنا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە بە هۆی کێشەی ماڵی هەوڵی خۆکوژی داوە.

مێهرداد مەشایخی: مامۆستا کۆمەڵناسی لە وڵاتی ئامریکا سەبارەت بە ڕێژەی ڕوو لە زیاد بوونی ئاماری خۆکوژی لە ئێران بە "ڕادیۆ فەراد" ڕایگەیاند: "خۆکوژی یەکێک لە خەسارە کۆمەڵایەتییەکانە لە کۆمەڵگا و کاتی ڕێژەی ئەم ئامارە ڕوو لە زیاد بوون دەکات، باس لە کێشەی پێکهاتەیی جیددی لەو کۆمەڵگایە دەکات".

ناوبراو بە ڕادیۆ فەراد دەڵێت: "ئێمە لە ئێران لەگەڵ چەند دەستە لە خۆکوژی بەرەوڕووین. لە بوارێکدا لە پەیوەندیی بە کۆمەڵناسییەوە هەیە و بارودۆخی کۆمەڵایەتی لەو ڕووداوە کاریگەریی هەیە، ئامارەی سێ جۆر خۆکوژی لە ئێران لە سەرەوەییە. جۆری یەکەم، کێشە و ئاریشەکانی فەرهەنگی و گوشارەکان و بارودۆخێکی دژوار،کە دەوڵەت بۆ لاوانی پێکهێناوە، کە لە ماوەی ئەم ساڵانەدا، ژمارەیەک لە لاوان، ڕوویان لە خۆکوژی و خۆسووتاندن کردووە".

بە وتەی مەشایخی، "جۆری دووهەم لە خۆکوژی تایبەت بە ژنانە بە تایبەتی کچە لاوەکان، کە لە ژێر گوشارە کۆمەڵایەتییەکان خۆکوژی دەکەن و دەستەی سێهەم سەبارەت بە هەژاری و نائومیدیە لە نێوان کەسانی خۆکوژدا".