ئاژانسی کوردپا: بۆ یەکەم جار شانۆیەک بە زمانی کوردی و زاراوەی کرمانجی ژووروو لە شاری پیرانشار بەڕێوەچوو.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی خەزەڵوەر، شانۆی "ئاوازی دوایی بای باکوور" لە دەرهێنەرایەتی "ڕەسووڵ بانگین" و شانۆکارانی وەک کەیهان حوسێنی و سارا محەممەدی لە شاری پیرانشار بەڕێوەچووە.
بەڕێوەچوونی ئەم شانۆیە لەگەڵ پێشوازی گەرمی خەڵکی شاری پیرانشار و هۆگرانی شانۆ بەرەوڕوو بووە.

شانۆی "ئاوازی دوایی بای باکوور" پێش لە بەڕێوەچوونی لە شاری پیرانشار، لە فێستیڤاڵی شانۆی "منجل" لە شاری "وان" لە کوردستانی باکوور پیشان درابوو و هەروەها لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەر لە شاری ورمێ پێشکەش دەکرێت.
لە کۆتایی ئەم شانۆیەدا، ڕەسووڵ بانگین، دەرهێنەری ئەم شانۆیە ڕایگەیاندبوو: "تەنیا جێگایەک کە مرۆڤ لەوێدا پێدەگات و پەروەردە دەبێت، ئەم هۆڵەیە و دەبێت بە باشترین شێوە کەڵکی لێوەربگرین".
شانۆی "ئاوازی دوایی بای باکوور" یەکەمین شانۆ بوو لە شاری پیرانشار بە زمانی کوردی و زاراوەی کرمانجی ژووروو بەڕێوەچوو.
ڕەسووڵ بانگین لە ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی، بە نووسین و دەرهێنانی شانۆی "کاتێک هەموو کەس دەبێتە بەرپرس" دەستی بە چالاکی کردووە.





